سەرۆکی ڕووسیا هەڕەشە لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەکات

سەرۆکی ڕووسیا هەڕەشە لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەکات

 

پەیامی کورد... سەرۆکی ڕووسیا هەڕەشە لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەکات

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پووتین هۆشداریدایە ڕۆژئاوا و وتی ئەگەر وڵاتان دەستوەربدەنە ڕووداوەکانی ئۆکرایناوە ئەوا ڕووبەڕووی تۆڵەیەک دەبنەوە کە وەکوو هەورە بروسکە خێرا بێت.

ڕووسیا بە ئەمریکای وتووە چیتر چەک ڕەوانەی ئۆکراینا نەکات و دەڵێت ڕەوانەکردنی چەک لە ڕۆژئاواوە بۆ ئۆکراینا جەنگەکە گەرمتر دەکات.

پووتین لە سەینت پیتەرسبێرگ بە یاسادانەرانی وڵاتەکەی وت ڕۆژئاوا ویستوویەتی ڕووسیا پارچە پارچە بکات و تۆمەتباری کردن بە تۆمەتی پاڵنان بە ئۆکرایناوە بۆ ناو ململانێیەک لەگەڵ ڕووسیادا.

بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆیەک کە ڕاگەیاندنەکانی ڕووسیا بڵاوییان کردووەتەوە، پووتین دەڵێت " ئەگەر هەر کەسێک بەنیاز بێت لە دەرەوە دەستوەربداتە ڕووداوەکانەوە و هەڕەشەیەکی ستراتیژی لە ڕووسیا بکات کە بۆ ئێمە جێی قبووڵکردن نییە، ئەوا دەبێت بزانن کە هێرشی تۆڵەسەندنەوەمان وەکوو هەورە بروسکە خێرا دەبێت."

وتی " سەرجەم ئامرازەکانمان لەبەردەستدایە بۆ ئەمە، کۆمەڵێک شتمان هەیە کە هیچ کەس لە ئێستادا ناتوانێت بڵێت هەمە و خۆی پێوە هەڵبکێشێت، ئێمە خۆمانی پێوە هەڵناکێشین، ئەگەر پێویست بکات بەکارییان دەهێنین، دەمەوێت هەمووان ئەوە بزانن."

داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکراینا لە ٢٤ ی مانگی دوودا دەستیپێکرد و بووەتە هۆی خاپوور کردنی شار و شارۆچکەکانی ئۆکراینا و زیاتر لە ٥ ملیۆن هاووڵاتی ئۆکراینای ناچار کردووە وڵاتەکە جێ بهێڵن. وڵاتانی ڕۆژئاوا بە سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر ڕووسیادا و ڕەوانەکردنی چەک بۆ ئۆکراینا وەڵامییان داوەتەوە.

ڕووسیا داگیرکارییەکەی بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناو دەبات و دەڵێت ئامانج لێی لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکراینا و نەتەوە پەرستە مەترسیدارەکانی ئەو وڵاتەیە. ئۆکراینا و ڕۆژئاوا دەڵێن ئەمە پاساوی پووتینە بۆ ئەنجامدانی دوژمنکارییەکی بێ هۆکار دژی ئۆکراینا.

لە کاتێکدا ڕووسیا بەردەوامە لە هێرشەکانی لە ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرایناوە، شەڕە ئابوورییەکەی لەگەڵ ڕۆژئاوادا هەڕەشەی بۆ سەر گازی ئەورووپا دروست کردووە، ئابوورییەکەی ڕووسیاش لە ئێستادا ڕووبەڕووی خراپترین قەیران بووەتەوە کە لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١ ەوە نەبینراوە.

دوای ئەوەی ڕووسیا هەناردەکردنی گازی بۆ پۆڵەندا و بولگاریا ڕاگرت، ئۆکراینا وتی ئەورووپا دەبێت چیتر لە بازرگانیدا پشت بە ڕووسیا نەبەستێت.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە