سەرۆکی ئیسرائیل بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تورکیا

سەرۆکی ئیسرائیل بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تورکیا

پەیامی کورد... سەرۆکی ئیسرائیل بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تورکیا

سەرۆکی ئیسرائیل، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تورکیا و بڕیارە لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوانیان پتەوتر بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی ئاداری ٢٠٢١، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل و شاندێکی یاوەری، بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەیشتە ئەنقەرە و لەلایەن ئیبراهیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتەوە پێشوازیی لێکرا.

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، لە سەردانەکەیدا کە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت، سەرۆکی ئیسرائیل لە کۆشکی کۆماری، لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا کۆ دەبێتەوە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە سەرجەم بوارەکاندا دەکرێت.

لەبارەی سەردانەکەش، حکومەتی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، لە کۆبوونەوەکاندا چاوەڕوان دەکرێت پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و کاری پێکەوەیی لە چەند بوارێکی جیاجیادا تاوتوێ بکرێت.

بڕیاریشە سەرۆک کۆماری ئیسرائیل لەمیانی سەردانەکەیدا، لە شاری ئیستەنبوڵ چاوی بە پیاوانی ئایینی جوو بکەوێت و لەگەڵیان کۆ ببێتەوە.

تورکیا کە وەک یەکەم دەوڵەتی ئیسلامی لە ساڵی ١٩٤٩ دانی بە سەربەخۆیی ئیسرائیلدا ناوە، لەو کاتەوە تا ئێستا پەیوەندییەکی بەهێزی لە سەرجەم بوارەکانی سیاسی، ئابووری، بازرگانی و گەشتیاری، لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوانیان، ساڵانە بە چەندین ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە