پەیامی کورد... سکرتێری ناتۆ: ڕووسیا پلانی هێرشێکی بەرفراوانی هەیە بۆ سەر ئۆکراینا
یانس ستۆڵتنبێرگ ڕایگەیاند، هاوپەیمانێتیی ناتۆ پێی وایە ڕووسیا هێشتا پلان دادەنێت بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی گەورە بۆ سەر وڵاتی ئۆکرانیا.
یانس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا لە برۆکسل ڕایگەیاند: هەموو ئاماژەکان دەری دەخەن ڕووسیا بەردەوامە لە پلانەکانی بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ئۆکراینا و ئێمەش داوا لە ڕووسیا دەکەین بکشێتەوە.
دوێنێ جین ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بەم نزیکانە بڕیارێک واژۆ دەکات، کە تێیدا چالاکییە بازرگانییەکانی ئەمریکییەکان لەگەڵ دوو هەرێمەکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینادا قەدەخە دەکات.
هەروەها، جۆزێپ بۆرێڵ، نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا لە فەرەنسا ڕایگەیاند، دوای بەفەرمیی ناساندنی هەرێمە جوداخوازەکانی دۆنیتسک و لۆهانسک لەلایەن پووتینەوە، ئەمڕۆ یەکێتیی ئەورووپا سزا بەسەر ئەو دوو هەرێمەدا دەسەپێنێت.
جێگای ئاماژەیە، شەوی ٢١ی ئەم مانگە، ڤلادیمیر پووتن سەرۆکی ڕووسیا لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکدا هەر دوو ناوچەی دۆنێتسک و لوهانسکی وڵاتی ئۆکراینای وەک دوو کۆماری سەربەخۆ ناساند و ئەوەش نیگەرانی بەشێک لە وڵاتانی جیهانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە