چوار وەزارەت لە کابینەی نوێدا پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە

چوار وەزارەت لە کابینەی نوێدا پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە

پەیامی کورد    ...    بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان بە کابینەی نوێ کۆببێتەوە، بەرپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕانیش دەڵێ، گۆڕان نابێتە ھۆی دواکەوتنی کابینەی حکوومەت و ھەرکاتێ کۆبونەوەی پەرلەمان دیاریکرا، ناوی کاندیدانی گۆڕان رادەست دەکرێت.

کاروان ھاشم، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان راگەیاند: "جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان لیژنەیەکی بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدەکان پێک ھێناوە و، کۆمەڵێ رێنماییمان پەسەندکردووە، ئەو لیژنەیە لەسەر بنەمای ئەو رێنماییانە لیستی کاندیدەکان کورت دەکاتە، دواتر ئەوانەی لەنێو لیستی کۆتاییدا دەبن، لەنێو جڤاتی نیشتیمانی بە ھەڵبژاردن یەکلادەکرێنەوە و دەبنە کاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان".

بەرپرسەکەی گۆڕان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "چوار وەزارەت لە کابینەی نوێدا پشکی بزووتنەوەی گۆڕانن و، بەلامانەوە زەروورە سەرەتا ئەو چوار پۆستە یەکلا بکەینەوە، کە بەر گۆڕان کەوتوون لە ناو حکوومەت، تا ئێستا نزیکەی ٤٠ کەس لەنێو گۆڕان سیڤییان پێشکەشکردووە بۆ ئەوەی ببنە کاندیدی گۆڕان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەکان.

پەیوەست بەوەی ئەگەر بۆ ٣٠ی ئەم مانگە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پێکھێنانی کابینەی حکوومەت کۆببێتەوە کاندیدەکانی گۆڕان ئامادەن، کاروان ھاشم گوتی: "بزووتنەوەی گۆڕان نابێتە ھۆکاری دواخستنی کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان و دواکەوتنی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەگەر لە ٣٠ی مانگ کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەی نوێ بەڕێوەبچێت، پێش ئەو وادەیە گۆڕان ناوی کاندیدەکانی ئامادەیە و رادەست دەکرێت، واتە بەرلە کۆبونەوەی پەرلەمان ناوی کاندیدەکانمان ئامادەیە".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە