وەزیری کارەبای عێراق: سزاکانی ئەمریکا رێگرن لە دانەوەی شایستەکانی ئێران

وەزیری کارەبای عێراق: سزاکانی ئەمریکا رێگرن لە دانەوەی شایستەکانی ئێران

پەیامی کورد... وەزیری کارەبای عێراق: سزاکانی ئەمریکا رێگرن لە دانەوەی شایستەکانی ئێران


وەزیری کارەبای عێراق، هۆکاری کەمبوونەوەی کاژێرەکانی کارەبا بۆ ئێران دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، بەمنزیکانە لەگەڵ ئێران گفتوگۆی چڕ دەکەن لەبارەی پێدانی گاز. دەشڵێت سزاکانی ئەمریکا، رێگرن لەوەی بانکی بازرگانیی عێراق شایستەکان بداتەوە ئێران.

لەمبارەیەوە زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق، رۆژی دووشەممە (10-07-2023) بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاندوە: "وەزارەتی کارەبا بەرهەمهێنانی کارەبای گەیاندووەتەوە بەرزترین ئاست کە 26 هەزار مێگاواتە، بەڵام بەهۆی بڕینی زیاتر لە نیوەی گازی ئێرانی لە وێستگەکانی کارەبا، 5 هەزار مێگاوات کارەبا کەمبووەتەوە، ئەمەش بەهۆی دواکەوتنی دانەوەی شایستەکانی ئێران دەگەڕێتەوە".

وەزیری کارەبای عێراق ئەوەشی وتوە: "ئێستا نزیکەی 20 هەزار و 600 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنین، تەنیا بە گەڕانەوەی گاز لە ئێرانەوە، کاژێرەکانی پێدانی کارەبا وەک پێشوویان لێ دێتەوە".

ئەوەشی وتوە :لەگەڵ لایەنی ئێرانی گفتوگۆ چڕ دەکەن و دەڵێت "هیوادارین لە دۆخی عێراق تێبگەن، کە سیستەمی کارەبا چۆنە و پلەی گەرما بەرزبووەتەوە و، جارێکی دیکە گاز هەناردە بکەنەوە".

وەزیری کارەبا دڵنیایی دا، دۆخەکە وەک خۆی لێ دێتەوە، چونکە وەزارەتی کارەبا تەواوی قەرزەکانی ئێرانی داوەتەوە، بەڵام بابەتەکە پەیوەستە بە بانکی بازرگانیی عێراقی (TBI)، کە سزاکانی ئەمریکا رێگرن و ناتوانێت پارەکە بداتەوە ئێران، ئەمەش کێشەیەکە، کە وەزارەتی کارەبا و هاووڵاتییان باجەکەی دەدەن".

رۆژی دووشەممە، 3ـی تەممووزی 2023 یەحیا ئال ئیسحاق، سەرۆکی ژووری بازرگانی ئێران – عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند؛ عێراق 10 ملیار دۆلار پارەی گاز و کارەبا و بەنزینی ئێران قەرزدارە، بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمریکا، بانکی ناوەندیی عێراق نەیتوانیوە راستەوخۆ ئەو پارەیەمان رادەست بکاتەوە.

چوارچێوەی هاوئاهەنگی رۆژی یەکشەممە، 9-7-2023، داوایەکی ئاراستەی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی کرد. لە داواکارییەکەدا هاتووە "بەهۆی کەمیی دابینکردنی کاژێرەکانی کارەبا لەبەر دۆخی ئێستا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، وڵات بە قەیرانێکدا تێدەپەڕێت کە ئەرکی هاووڵاتیی عێراقی قورس کردووە".

هەروەها چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت "دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە و ئاگاداربوون لە هۆکارەکان، چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوا لە حکومەتی عێراق دەکات لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەوە پەیوەندی بە لایەنی ئەمریکییەوە بکات و ئەوە بخرێتە ئەستۆی کە دەستبەجێ شایستە داراییەکانی هاوردەکردنی گازی ئێران بەبێ دواکەوتن و کەمتەرخەمی بدرێنەوە".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە