پەیامی کورد... شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سوودان سەریهەڵدایەوە
وێڕای هەوڵەکانی سعوودیە و ئەمریکا بۆ راگەیاندنی ئاگربەست، بەیانی ئەمڕۆ شەممە جارێکی دیکە شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە خەرتوومی پایتەخت و شاری بەحری سەریهەڵدایەوە.
ئاژانسی ئانادۆڵو بڵاویانكردەوە، بەیانی ئەمڕۆ شەممە فڕۆکە جەنگیی بە ئاسماندا بینرا، هاوکات دەنگی تەقینەوەی بەهێز و چەکی قورس لە دەوروبەری کۆشکی کۆماری و فەرماندەیی گشتیی سوپا لە ناوەڕاست خەرتووم بیسترا.
بەگوتەی شایەتحاڵان، دووکەڵ بە چڕی بە ناوەڕاستی خەرتووم بەرزبووەتەوە.
هاوکات دەنگی تەقینەوە و رووبەڕووبوونەوەی چەکداریی لە نزیک بارەگایەکی سەربە سوپای سوودان لە شاری بەحری باکووری وڵاتەکە بیسترا.
ئێوارەی رۆژی هەینی، سعوودیە ئامادەیی نیشاندا بۆ میواندارییکردنی نوێنەرانی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەروەریی سوودان، عەبدولفەتاح ئەلبورهان و فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی خێرا، محەمەد حەمدان دەقلۆ.
لەوەتەی ١٥ی نیسانەوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە خەرتوومی پایتەخت و چەند شارێکی سوودان سەریهەڵدا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە