پەیامی کورد ... سوید ، یەکەم داواکراوی ڕادەستی تورکیا کرد
پاش پەیمانی نێوان ووڵاتانی تورکیا، سوید و فینلەندا؛ سوید ڕازی بوو یەکەم داواکراوی تورکیا ڕادەستی ئەو ووڵاتە بکاتەوە .
حکوومەتی سوید ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی١١ی ئۆگۆست ، ڕایگەیاند ئامادەیە هاووڵاتییەکی داواکراوی تورکیا ڕادەستی ئانکارا بکاتەوە.
ئەم هاووڵاتییە بەڕەچەڵەک تورکە "ئۆکان کالییە" تەمەن ٣٥ ساڵ و لەلایەن دەوڵەتی تورکیا تۆمەتبار کراوە کە ساختەکاری لە کارتی بانکی کردووە و لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٦ ساختەکاری لە کارتی دڵنیایی کردووە و بە بێ ئامادەبوونی خۆی، دادگای تورکیا حوکمی ١٤ساڵ بەندکرانی بەسەریدا سەپاندووە.
بەڵام ئۆکان کالیە لە بەرامبەردا ووتوویەتی: تورکیا تاوانی درۆی خستووەتە پاڵم، دەستبەسەرم دەکات چوونکە دایکم کوردە و سەربازیم نەکردووە و دینیشم لە ئیسلام بۆ کریستیان گۆڕیوە.
دەوڵەتی سوید ڕایگەیاندووە لەئەگەری ڕادەستکردنی ئەم هاووڵاتییە هیچ مەترسییەک لەسەر گیانی نابێ.
ئەردۆغان پێشتر دوو دەوڵەتی سوید و فینلەندای وەکوو پێگەی تیرۆریستان ناوبردبوو و هەڕەشەی لەو ووڵاتانە کردبوو ئەگەر بێت و داواکراوان ڕادەستی تورکیا نەکەن، ئەوە ڕێگە ناداتە ئەو ووڵاتانە ببنە ئەندامی ناتۆ.
ئەردوغان ئاشکرای کردووە دەوڵەتی سوید بەڵێنی داوە ٧٣ کەسی داواکراو ڕادەستی تورکیا بکات
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە