١٤ ی ئەم مانگە ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵدەبژێردرێت

١٤ ی ئەم مانگە ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵدەبژێردرێت

پەیامی کورد    ...   ١٤ ی ئەم مانگە ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵدەبژێردرێت .

جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە و تاوتوێی هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دەکات، ئەندامێکی جڤاتەکەش دەڵێت، ئامادەکارییەکان تەواوبون و ١٤ی ئەم مانگە رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانە هەڵدەبژێردرێن.
نزار مەحمود، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان رایگەیاند : "١٤ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن بەڕێوەدەچێت و قۆناغی دواتریش هەڵبژاردن بۆ ئەندامانی کۆنگرە دەکەین و کۆنفرانسی دەبەستین، دواتریش هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بەڕێوەدەچن".

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێکی زۆری ئامادەکاریەکان لەرێگەی ژوری هەڵبژاردن و ژووری پەیجوریەوە ئەنجامدەدرێن و پێویستی بەدرووستکردنی لیژنەو ئامادەکاری زۆر نیە.
لە دواین کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانیدا کە ٢٤ی جووڵای ئەمساڵ بەڕێوەچوو، بڕیاردرا رۆژی ١٤ی سێپتەمبەر هەڵبژاردن بۆ رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەكە بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکارییەکان تەواوکراون.

لەبارەی کاندیدەکانی بۆ رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن نزار مەحمود وتی، "لە چەند رۆژی ئایندەدا فۆڕم دەدرێت بۆ ئەوەی هەرچی کەسێک کە دەیەوێت خۆی کاندید نکات، ئەوانەشی خۆیان کاندید دەکەن دەبێت ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی یان جڤاتی گشتی یان کەسێکی ناسراو بێت".

بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، ماوەی خولی خانەی راپەڕاندن بۆ دوو ساڵ دەبێت  و ئەندامانی خانە، سێ خولی هەڵبژاردن بۆیان هەیە بۆ هەمان پۆست خۆیان كاندید بكەنەوە، كە جگە لە رێكخەری گشتی شەش كەس وەك ئەندامی خانەی راپەڕاندن لەلایەن جڤاتی نیشتمانییەوە دەنگیان پێدەدرێت.

لەبارەی بەشداریکردنی سەرکردە ناڕازییەکانی گۆڕان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕان، ئەندامەکەی جڤاتی نیشتیمانی دەڵێت، "ڤیتۆمان لەسەر کەس نیە کە بەشداری بکات یان نەیکات، بەپێی دەستوری گۆڕان هەرکەسێک مەرجەکانی تێدابێت دەتوانێت بەشداری بکات، بەڵام ئەگەر خۆی نەیەوێت بەشداری بکات یان بەدڵی نەبێت ئەوا بۆچوونی خۆیەتی، بەڵام دەرگاکە کراوەیە و بۆ هەمو کەس وەکو یەک ئەو مەجالە هەیە و دەتوانێت خۆی هەڵبژێرێت".

لە ووڵامی ئەو پرسیارەی هەوڵنادرێت سەرکردە ناڕزییەکانی گۆڕان بگەڕێندرێنەوە و بەشداری هەڵبژاردنەکە بکەن؟ نزار مەحمود وتی، "نا. هەوڵی زۆردراوە، ئەوان خۆیان دەڵێن تاقەتمان نەماوە و کارناکەین، بۆیە پێویست ناکات لەوەزیاتر".

ئەندامانی خانەی راپەڕاندن پێکدێن لە رێکخەری گشتی، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی، سکرتێری فراكسیۆنەكان، سكرتێری ژوورەكان، سكرتێری باژێڕوانەكان و سكرتێری كاروباری خەڵك لەناو ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی هەڵدەبژێردرێن و سکرتێری جڤاتی گشتییش لەلایەن ئەندامانی جڤاتی گشتییەوە هەڵدەبژێردرێت و راستەوخۆ دەبێتە ئەندامی خانەی راپەڕاندن.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە