پەیامی کورد... تەندروستی جیهانی؛ وەرزی سەرما مەترسییەکانی کۆرۆنا زیاد دەکات
تیدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە پەتای کۆرۆنا لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان لە چەند مانگی داهاتوودا دەربڕی.
تیدرۆس ئەدهانۆم، هۆشداریدا لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی “کۆڤید-١٩” لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان لە نیوەگۆی باکوور، وێڕای ئەوەی کۆمپانیاکانی “مۆدێرنا” و “فایزەر” ڕاپۆرتیان داوە کە ڤاکسینەکانیان دژی ڤایرۆسەکە و گۆڕاوە نوێیەکە کاریگەرییان سەلماندووە.
بەڕێوبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەشکرد: “نیگەرانی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چەند مانگی داهاتوودا زیاتر دەبێت، بەتایبەتی لە هەندێک ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا، هەروەها حاڵەتەکانی تووشبوون کە پێویستی بە خەواندن لە نەخۆشخانە هەیە لە ئەوروپاش ڕوو لە زیادبوون دەکات”.
ڕەیانا بو حاقە، نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە قەتەر لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا ئاشکرای کرد، حەوت هەزار حاڵەتی تووشبوون بە گۆڕاوە نوێیەکەی ڤایرۆسی “کۆڤید-١٩” کە بە “EG.5” ناسراوە، تۆمارکراوە.
ئەو بەرپرسە دووپاتی کردەوە کە گۆڕاوە نوێیەکە خێراتر بڵاودەبێتەوە و تایبەتمەندە بە گەشەی خێرا، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم تووشبوونانە بە گۆڕاوە نوێیەکە لە ٥٢ وڵاتی جیهان تۆمارکراون.
ڕەیانا بو حاقە، نیگەرانی خۆی سەبارەت بە تەندروستی کەسانی بەساڵاچووان و ئەو کەسانە دەربڕی کە بەدەست حاڵەتە تەندروستییە درێژخایەنەکانی وەک شەکرە، بەرزی پەستانی خوێن، نەخۆشییەکانی دڵ و سییەکان، هەروەها شێرپەنجە دەناڵێنن، چونکە بەهۆی لاوازی بەرگری لەشیان ئەگەری توشبوونیان زیاترە.
سەبارەت بە نیشانەکانی گۆڕاوی “EG.5″، ڕەیانا بو حاقە ڕوونیکردەوە کە هاوشێوەی نیشانەکانی جۆرەکانی پێشووی “کۆڤید-١٩” یە، وەک ماندوێتی، سکچوون، هەناسە تەنگی، بەرزی پلەی گەرمی، تا، ئازاری قورگ، ئاوی لووت ، کۆکە، و ئازاری جەستە و ماسولکەکان، هەروەها کەمبوونەوەی ڕێژەی ئۆکسجین لە حاڵەتەکانی هەوکردندا توندتر دەبێت.
ڕەیانا بو حاقە هۆشداریدا لەوەی کە گۆڕاوە نوێیەکەی “EG.5” توانای توشکردنی ئەو کەسانەی هەیە کە ڤاکسینی “کۆڤید-١٩” یان وەرگرتووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە