پەیامی کورد... بەغدا رووفاتی 172 ئەنفالکراو رادەستى هەرێمی کوردستان دەکاتەوە
ئەمڕۆ رووفاتی 172 شەهیدی ئەنفال کە لە پزیشکی دادوەریی بەغدا بوون، رادەستکرانەوە و دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ شەممە لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی کەسوکاری ژمارەیەک لەو شەهیدانە، وەزیری تەندروستی عێراق، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و قایمقامی چەمچەماڵ، دوای دانانی تاجە گوڵینە لەسەر رووفاتەکان بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێکران.
لە ساڵی 2019، لەنێو گۆڕێکی بە کۆمەڵدا لە بیابانەکانی پارێزگای سەماوەی عێراق، رووفاتی 172 شەهیدی ئەنفال دۆزرانەوە، کە زۆرینەیان ژن و مناڵ بوون. دواتر رووفاتەکان رەوانەی پزیشکی دادوەریی عێراق کران و دوای وەرگرتنی نموونەی پشکنینی DNA، ئەمڕۆ رووفاتەکان رەوانەی کوردستان کراون.
رژێمی بەعس بە هەشت قۆناغ و لەژێر ناوی ئەنفال 182 هەزار مرۆڤی كوردی دوای زیندانیكردن و ئەشكەنجەدانیان زیندە بەچاڵكرد. لە نزیك گرتووخانەی نوگرە سەلمان و بیابانەكانی سەماوە زیاتر لە سەد گۆڕی بە كۆمەڵ هەن، كە هەزاران روفاتی ئەنفالكراوانی كوردی تێدایە.
حكومەتی بەعس لە ژێر ناونیشانی پرۆسەکانی ئەنفال و بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەدام حوسێن، سەرۆككۆماری ئەوكاتی عێراق لەنێوان شوبات تاوەكو ئەیلوولی ساڵی 1988 بە هەشت قۆناغ جێبەجێكرد.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە