پەیامی کورد ... ئەمڕۆ زیادکردنێکی ئاشکرا بۆ فرۆشتنی ژمارە نایابەکانی ئۆتۆمبێلی پارێزگای هەڵەبجە کرا، بەڵام هیچکام لەوانەی بەشدارییان لە زیادکردنەکە کردبوو، ئەوەندە پارەیان بە تابلۆکان نەدا کە چاوەڕوان دەکرا، بۆیە هیچ تابلۆیەک نەفرۆشرا.
ئەو ژمارەنەی خرابوونە زیادکردنە ئاشکراکەوە، لە یەک تاوەکو نۆ بوون. لە زیادکردنەکەدا تەنیا ژمارە یەک کێبڕکێی لەسەرکرا و چوار کەس تەڤلی کێبڕکێکە بوون، تەنیا دووانیان بارمتەی یاساییان پێبوو، کە 10%ـی نرخی زیادکردنەکەیە.
ژمارە یەکی تابلۆکان نرخی یەک ملیار دینار بوو، بەگوێرەی یاسای زیادکردنی ئاشکرا، دەبێت لە 700 ملیۆن دینارەوە دەستپێبکات، بەڵام هیچ کام لە کڕیارەکان ئەو بڕە پارەیەن نەدا بە تابلۆی ژمارەیەک.
هەرچی ژمارە دوو تاوەکو نۆ بوون، بەیەک نرخ دانرابوون کە لە 420 ملیۆن دینارەوە دەستپێدەکات، بەڵام هیچکەس ئامادەی دەرنەبڕی بچێتە زیادکردنەکەوە.
ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی دەرگای زیادکردنی ئاشکرادا بۆ نۆ ژمارەی نایابی تابلۆی ئۆتۆمبێلی هەڵەبجە، کە بە عەرەبی نووسراوە (عراق/ حلبجە)، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند، داهاتی تابلۆ نایابەکانی هەڵەبجە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی پارێزگاکەیان تەرخاندەکەن.
حکومەتی عێراق بە بڕیاری ژمارە (568) لە 31-12-2013 هەڵەبجەی وەکو پارێزگا ناساندووە، پاش ئەوەی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان وەکو پارێزگا ناساندیان.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە