پەیامی کورد... ترەمپ بەڵێنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە چەند وڵات دەدات
سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەگەر ساڵی داهاتوو دووبارە هەڵبژێردرێتەوە بۆ سەرۆکایەتی وڵاتەکەی، ئەوا هێزەکانی ئەمریکا لە چەند وڵاتێک دەکشێنێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە میانەی ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی وڵاتەکەی، لەبەردەم لایەنگرانی لە ویلایەتی ئایۆوا ئەوەی خستەڕوو، لەکاتی گرتنە دەستی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا هێزەکانی لە چەند وڵاتێک دەکشێنێتەوە بەبێ ئەوەی ناوی هیچ وڵاتێک بهێنێت، وتیشی، “ئێمە ملیارەها دۆلار بۆ بەرگری سەربازی و شتی تر خەرج دەکەین بەبێ ئەوەی هیچ دەستکەوتێکی بۆ خۆمان هەبێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “زۆر باشە ئەم کارە بکەین، زۆرێک لەو وڵاتانە ڕقیان له ئێمەیه و ئێمە پارێزگارییان لێ دەکەین، هەموو ئەو هێزانە دەستبەجێ دەگەڕێنمەوە ماڵەوە، ئێمەش پارە بەفیڕۆ نادەین بۆ ئەو وڵاتانە”.
بڕیارە لە تشرینی دووەمی ساڵی 2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەبچێت کە تێیدا هەریەکە لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوو و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە