خەڵاتی زارا دابەش دەکرێت

خەڵاتی زارا دابەش دەکرێت

پەیامی کورد … خەڵاتی زارا دابەش دەکرێت

دامەزراوەی کوردشۆپ کە دامەزراوەیەکە لە سەر پرسی کولتوری و بەتایبەت زمانی دایکی چالاکی دەکات، بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک وێڕای پشتگیری لە زارا محەمەدی مامۆستای زمانی کورد سەپاندی سزای ٥ ساڵ بەندکران بە سەر ناوبراودا لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە شەرمەزار دەکات.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە  “بەم بۆنەیەوە ڕادەگەیەنین لەمەوبەدوا، لەلایەن دامەزراوەی كوردشۆپەوە ڕۆژی 1/8ی هەموو ساڵێكی زاینی، خەلاتێك بە ناوی”زارا” بۆ باشترین مامۆستای وانەبێژ و چالاكڤانی زمانی كوردی تەرخان دەكەین و یادی مامۆستا زارا دەكەینە هێما و سیمبولی خەبات لە دژی تواندنەوەی زمانی كوردی.

 

دەقی تەواوی ڕاگەیەندراوەکە؛

 

ڕاگەیەندراوی ”كوردشۆپ” بۆ پشتگیری لە مامۆستا زارا محەمەدی

نیشتمانپەروەران، هۆگرانی زمان و پەروەردەی كوردی!

ڕۆژی شەممە 2022/1/8ی زاینی، زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی نۆژین لە شاری سنە، كە لە لایەن دادگای گشتیی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران لەو شارە، سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی بەندکرانەکەی، ناچار كرا بچێتە بەندیخانەی ئەو ڕێژیمە.

دەرچوونی سزای بەندیخانە بۆ مامۆستا زارا سەلماندی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروا لەسەر سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن و تواندنەوەی نەتەوەی كورد بەردەوامە. سیاسەتێک کە زیاتر لە سەدەیەکە لە لایەن دەسەڵاتدارە یەک لە دوای یەکەکانی تارانەوە پەیڕەو دەکرێ و ڕەهەندی سەرەکیی ئەم سیاسەتەش ڕێگری کردن لە پەروەردەی زمانی دایکیی نەتەوەی كورد و هەوڵدان بۆ لەبیر چوونەوەی زمانەکەیانە.

لە سەدساڵی ڕابردوودا سەرەرای پیلانی دەسەلاتدارانی ئێران كە بە شێوەیەكی سیستماتیك هەوڵی لەناوبردنی زمانی کوردیان داوە، بە هیمەتی دڵسۆزان و وانەبێژانی زمانی کوردی، دەبینین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زمانی كوردی گەشەی کردووە و وەک سەرەکیترین پێناسەی شوناسی نەتەوەییی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چووەتە ناخی کۆمەڵگاوە و ئیتر بە سیاسەتی زەبروزەنگ و زیندان و تەنانەت سێدارەش، کۆتایی پێ نایە. بە دڵنیاییەوە زارا و سەدان مامۆستای دڵسۆزی كورد، هەزاران قوتابییان بۆ درێژەپێدانی ئەم ڕێگایە پەروەردە کردووە كە لە داهاتوودا هەركامێكیان دەبنە زارایەك و ئەم خەباتە تا گەیشتن بە سەرجەم مافە نەتەوەییەکان بەردەوام دەبێت.

ئێمە وەک دامەزراوەی ”کوردشۆپ” کە پەرەپێدان و گەشەی زمانی کوردی بە ئەرکی سەرەكیی خۆمان دەزانین، بەندکرانی مامۆستا زارا و گوشارخستنەسەر چالاکانی بواری پەروەردەی زمانی کوردی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئیدانە و شەرمەزار دەکەین و بەڵێن دەدەین خاوەندارێتی لە مامۆستا زارا و هەموو ئەو مامۆستایانە بكەین کە تەمەنی خۆیان لە ڕێگای گەشەی زمانی کوردی و مافی پەروەردە بە زمانی کوردیدا داناوە.

بەم بۆنەیەوە ڕادەگەیەنین لەمەوبەدوا، لەلایەن دامەزراوەی كوردشۆپەوە ڕۆژی 1/8ی هەموو ساڵێكی زاینی، خەلاتێك بە ناوی”زارا” بۆ باشترین مامۆستای وانەبێژ و چالاكڤانی زمانی كوردی تەرخان دەكەین و یادی مامۆستا زارا دەكەینە هێما و سیمبولی خەبات لە دژی تواندنەوەی زمانی كوردی.

دامەزراوەی کوردشۆپ

یەكشەممە – 2022/1/9ی زایینی

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە