پەیامی کورد … دوای سووتانی نەخۆشخانەکەی ناسریە فرمانی گرتنی ١٣ کەس دەرکرا
دوای ئەوەی ئاگرێك لەنەخۆشخانەیەكی شاری ناسرییە كەوتەوەو بەهۆیەوە دەیان كەس گیانیان لەدەستدا، لە ئێستادا فەرمانی دەستگیركردن بۆ چەندین كەس دەرچووە.
بەپێی زانیارییەكان، لەئەنجامی ئاگر كەوتنەوەكەی نەخۆشخانەی تووش بووانی كۆڕۆنا لەشاری ناسرییە تاكو ئێستا ٩٢ كەس گیانیان لەدەستداوەو ١١٠كەسیش برینداربوونە.
بەرگری شارستانی عێراقی رایگەیاندووە، لەزۆربەی فەرمانگەكانی سەربە حكومەت هۆكارەكانی سەلامەتی و خۆپارێزی بوونیان نییە، ئەوەش دواتر كارەساتێكی گورە دروست دەكات.
لەلایەن خۆیانەوە هاوڵاتیان لەیەكێك لە گۆڕەپانەكانی شارەكە گردبوونەتەوەو داوای بە سزا گەیاندنی ئەوانە دەكەن كە هۆكاری ئەو كارەساتە بوون، هەروەها داوا دەكەن تەرم و ئێسك و پروسكی قوربانییەكانیان پێبدەنەوە، تاكو ئێستاش تەرمی ٢٠ كەس لەبەر خراپی سووتاوییەكەیان نەناسراونەتەوەو پێویستیان بە پشكنینی ترشی ناوكی هەیە.
لەسەرێكی ترەوە دادگای پێداچوونەوەی ناسرییە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ١٣ بەرپرسی كەرتی تەندروستی لەشارەكە دەركردووە، لەنێویاندا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەیە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە