پەیامی کورد ... لەگەڵ گەیشتنی پارەکەی بەغدا ڕاستەوخۆ بازاڕ جووڵەی دەبێت و کاریگەری ڕێککەوتنی نێوان ھەردوو حکوومەت بەدیار دەکەوێت
بڕیارە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان ھەردوولا حکومەتی فیدڕاڵ بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات و ڕاوێژکاری ئابووری پەرلەمانی کوردستانیش پێی وایە، لەگەڵ گەیشتنی پارەکە لە بەغداوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر جووڵەی بازاڕ دەبێت و ھەرێمی کوردستان دوای حەوت ساڵی قەیرانی دارایی بەرە و گەشەکردن دەچێت.
د. ئەرشەد تەھا، ڕاوێژکاری ئابووری پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "ئەنجامدانی ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا لەبارەی بودجەوە کاریگەریی لەسەر ڕەوشی ئابووریی ھەرێمی کوردستان دەبێت، بەڵام کاریگەریی ڕێککەوتنەکە لەسەر خەڵک و بازاڕ ئەوکاتە زیاتر بەدەر دەکەون کە پارە لەلایەن بەغداوە ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، چونکە تا پارە نەیەتە نێو بازاڕەوە کاریگەریی دیار نابێت، چونکە حەوت ساڵە ھەرێمی کوردستان لە قەیرانی داراییدایە و بەغدا ھیچ بەشە بوودجەیەکی بۆ ھەرێمی کوردستان نەناردووە."
ئەو ڕاوێژکارە ئابوورییە ووتی: "لەگەڵ گەیشتنی پارەکەی بەغدا ڕاستەوخۆ بازاڕ جووڵەی دەبێت و کاریگەری ڕێککەوتنی نێوان ھەردوو حکوومەت بەدیار دەکەوێت، لەبەر ئەوەی ھاتنی پارە بۆ بازاڕ ھۆکارە و بازاڕی ھەرێمی کوردستان دوای ٧ ساڵ بێ پارەیی گەشەیەکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت."
د. ئەرشەد تەھا ڕوونی کردەوە: "جگە لە مووچەی مانگانە، بەغدا سێ مووچەی سەرەتای ئەمساڵ قەرزاری ھەرێمی کوردستانە و پێویستە ھەرسێ مووچەکە ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان بکات، لەبەر ئەوەی یاسای بودجە لە سەرەتای ساڵەوە ھەژمار کراوە بۆ کۆتاییی ساڵ، لەبەر ئەوەش ھاتنی ئەو پارەیە لە بەغداوە بازاڕەکان دەبووژێنێتەوە، بەتایبەتی جگە لە قەیرانی دارایی قەیرانە سیاسییەکانیش ھۆکار بوون لەسەر تێکچوونی ڕەوشی ئابووری و پەککەوتنی بازاڕ."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە