پاسپۆرتی عێراقی دەکرێتە ئەلیکترۆنی

پاسپۆرتی عێراقی دەکرێتە ئەلیکترۆنی

پەیامی کورد... پاسپۆرتی عێراقی دەکرێتە ئەلیکترۆنی

لە کۆتایی ئەم مانگە پاسپۆرتی عێراقی دەگۆڕێت و دەکرێت بە ئەلیکترۆنی. بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ڕایگەیاند: "کوالێتی پاسپۆرتی عێراقی باش نییە و ئەم گۆڕانکارییە کوالێتی بەرز دەکاتەوە و ڕۆتینیش کەم دەکاتەوە."

ڕۆژی چوارشەممە ٣-٨-٢٠٢٢، سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ڕایگەیاند: لە کۆتایی ئەم مانگە پاسپۆرتی عێراقی دەگۆڕێت و دەکرێت بە ئەلیکترۆنی، گۆڕانکارییەکەش سەرەتا لە بەغدای پایتەختەوە دەستت پێ دەکات و دواتر پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە: گۆڕانکارییەکە تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە پاسپۆرتی نوێ دەردەکەن یاخود پاسپۆرتیان کاتی بەسەرچووە و نوێی دەکەنەوە، "ئەوانەی خاوەنی پاسپۆرتن و کاتی بەکارهێنانی ماوە پاسپۆرتەکانیان وەک خۆی دەمێنێتەوە."

گۆڕینی پاسپۆرتی عێراقی بۆ ئەلیکترۆنی، بەوتەی بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، "ئەم گۆڕانکارییە ڕۆتین لە فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکان کەم دەکاتەوە و هاووڵاتیی و گەشتیار لەمەودوا ناچنە سەرەی پاسپۆرت، بەڵکوو ڕاستەوخۆ دەچنە پێش ئامێرێک و زانیارییەکانی دەبەخشێت و دەرگەی ئەلیکترۆنی هەیە و بۆی دەکرێتەوە، ئەگەر گرفتێک هەبوو ئەو کات ئەفسەری پاسپۆرتی بۆ بانگ دەکرێت."

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی وتوە: " یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان ئەوەیە پاسپۆرتی عێراقی کوالێتی باش نییە و بەئاسانی ساختە دەکرێت، بەڵام ئەم پاسپۆرتە نوێیە بە ئاسانی ساختە ناکرێت، چونکە زانیارییەکان سەر پاسپۆرتەکە بە لێزەر هەڵکەنراوە و سەرجەم داتاکانی کەسەکە وەردەگرێت، بۆ دیزاینەکەشی سوود لە پاسپۆرتی وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا وەرگیراوە."

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە