پەیامی کورد... پزیشکانی بێسنوور: دۆخی شاری ماریۆپۆڵی ئۆکراینا کارەساتبارە
ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور بە ئاماژەدان بە بەردەوامی شەڕ و پێکدادان لە شاری ماریۆپۆڵی ئۆکراینا، دۆخی ئەو شارەی بە کارەساتبار وەسف کرد.
شەوی ڕابردو، ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور لە ڕاگەیەندراوێکدا، دۆخی شاری ماریۆپۆڵی بە کارەساتبار وەسف کرد و ڕایگەیەند: ئاو لە شارەکە بڕاوە و خەڵک ئاوی خواردنەوەیان نییە، کارەبا نەماوە و سیستەمی گەرما کار ناکات.
ڕێکخراوەکە بە ئاماژەدان بە بەردەوامیی شەڕ و پێکدادان لە شارەکەش دەڵێت: بازاڕەکان خواردەمەنییان تێدا نەماوە.
هەرچەندە دوێنێ ڕووسیا بۆ کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی و چوونەدەرەوەی کەسانی مەدەنی لە شاری ماریۆپۆڵ ئاگربەستی ڕاگەیاند، بەڵام هێشتا شەڕ و پێکدادان لەو شارە بەردەوامە.
لە لایەکی دیکەوە، بڕیارە ئەمڕۆش جارێکی دیکە ئاگربەست ڕابگەیەندرێت و ڕێڕەوێکی مرۆیی بۆ چوونەدەرەوەی کەسانی مەدەنی بکرێتەوە، کە تا شەو بەردەوام دەبێت.
ڕووسیاش بەرپرسانی ئۆکراینا بەوە تۆمەتبار دەکات کە ڕێگە نادەن خەڵک لە شارەکە بچنە دەرەوە و دەڵێت: سەرەڕای کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی، خەڵکیان کردووە بە قەڵغان.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە