وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ... وەرگرتنەوەی پێشینەکان لە فەرمانبەران دوورە لە ڕاستی

وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان  ...  وەرگرتنەوەی پێشینەکان  لە فەرمانبەران دوورە لە ڕاستی

پەیامی کورد  ...   وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دڵنیایی دەداتە مووچەخۆران، كە مانگانە لە وادەی خۆیدا و بە بێ پاشەكەوت و بێ دواكەوتن مووچە دابەش دەكەن، هاوكات ئەوەیشی ئاشكرا كردووە، كە لە ئێستادا هیچ بەرنامەیەكیان نییە تا پێشینەكان لە فەرمانبەران وەربگرنەوە.

رێباز حەملان ، رایگەیاندووە، هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دڵنیا دەكاتەوە، كە مووچە بەردەوام دەبێت و بە تەواوی و بە بێ پاشەكەوت و بێ دواكەوتن دەدرێت، سەبارەت بە وەرگرتنەوەی پێشینەكانیش، ڕەتی كردووەتەوە، كە لە ئێستادا بڕیاریان دابێت پێشینەكان لە فەرمانبەران وەربگرنەوە، "ئێمە كاتی خۆی شتێكمان گوت، بە هەڵە تەفسیری بۆ كراوە، ئەویش گوتمان، وەرنەگرتنەوەی پێشینەكان بە هۆی پەیڕەوكردنی سیستمی پاشەكەوت بوو، بەڵام كە ئێستا نەماوە دەبێت دەست بكرێتەوە بە وەرگرتنەوەیان، بەڵام نەمانگوتووە لە ئێستادا، بۆیە هەموو ئەو هەواڵانەی سۆشیال میدیا و سەرچاوەی نادروستن، ئەگەرنا ئێمە لە ئێستادا هیچ بەرنامەیەكمان نییە پێشینەكان لە فەرمانبەران وەربگرینەوە، هەروەها هیچ ڕێنماییەكیشمان لەوبارەیەوە دەرنەكردووە، گوتوومانە لە داهاتوودا كە دۆخی مووچەخۆران و هەرێمی كوردستان چووەوە سەر سكەكەی خۆی".

وەزیری دارایی و ئابووری ڕەتی كردەوەتەوە، كە هیچ فراكسیۆنێك یاداشتی دابێتە وەزارەتەكەی بۆ وەرنەگرتنەوەی قەرزی پێشینەكان، وەك خۆی ئاماژەی بۆ كردووە، لە هیچ فراكسیۆنێك و پەرلەمانتارێكەوە یاداشت نەدراوەتە وەزارەتی دارایی، ئەوان هەر بڕیاریان نەداوە لە ئێستادا ئەو قەرزانە وەربگرنەوە، تا بكەونە ژێر فشارەوە، "لە ئێستاشدا وەری ناگرینەوە، هیوادارم هەموو مووچەخۆران لەوە دڵنیا بن، هیچ بڕە پارەیەكمان لە فەرمانبەران نەبڕیوە، چونكە هیچ ڕێنماییەكمان دەرنەكردووە وە بە هەموو گەنجینەكانیشمان گوتووە مووچەی تەواو دابەش بكەن".

سەبارەت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لایەن بەغداوە، ناوبراو ئاماژەی بەوە داوە، كە لە مانگی یەك و دوو، بەغدا 317 ملیاری ناردووە، بەڵام ئەوان‌ مووچەی مانگی 10 و 11ی ساڵی 2018ـیان پێ داوە، دواتر لە مانگی 3 بەغدا تەواوكاریی مانگی 1 و 2ـی ناردووە، كە 136 ملیارە، ئەوان‌ بۆ پێدانی مووچە، مانگانە پێویستیان بە 881 ملیار دینارە.

رێباز حەملان شێوازی دانەوەی پاشەكەوتی فەرمانبەرانی روون كردووەتەوە و دەڵێ: "لە ڕابردوودا پڕۆژەیاسای چاكسازی دراوەتە پەرلەمان، بڕگەیەكی ئەو پڕۆژەیە ئەوەیە، دەبێت ئێمە لە گفتوگۆكانمان لە داهاتوو لەگەڵ بەغدا لە بیرمان نەچێت، كە جەخت لەوە بكەینەوە یەكەم هۆكاری پاشەكەوتكردنی مووچە لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە، بەغدایە، چوونكە بەغدا بودجەی هەرێمی بڕی، خۆ ئەگەر بوودجەشی بڕی، دەبوو هەر مووچەی بناردایە، بۆیە ئەگەر حكوومەتی هەرێم دەستی كرد بە دانەوەی مووچە، دەبێت بەشە زۆرەكەی حكوومەتی عێراق ئەو ئەركە لە ئەستۆ بگرێت، بۆیە بە دڵنیاییەوە كە دەست كرا بە گفتوگۆ لەگەڵ عێراق لەسەر بابەتە داراییەكان و نەوت، ئەوە یەكێكە لە بابەتە سەرەكییەكان".

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە