پەیامی کورد … وەزارەتی تەندروستی: رێوشوێنی زیاتر بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی دەگرینەبەر
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم رایگەیاندوە: ئامادەکاری زیاتر دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوی شەپۆڵێکی نوێ و هەڵکشانێکی بەرزی تەشەنەکردنی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا، لەوانە فراوانکردنی پشکنین و توندترکردنی چاودێری لە دەروازە سنورییەکان و فرۆکەخانەکان.
لە نوسراوێکی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمدا، کە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەکانی تەندروستی لە پارێزگا و ئیدارەکان کراوە، هاتووە، دوای هەڵسەنگاندنی بارودۆخی نەخۆشی کۆڕۆنا و پڕۆسەی ڤاکسین و ڕێکارەکانی خۆپارێزی و چارەسەری، بڕیاردرا بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی زیاتر بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی پەتازانی و خۆپارێزی و هۆشیاری و دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن.
بەپێی نوسراوەکە، بڕی زیاتر لە کەلوپەلی خۆپارێزی کەسیی و پاکژکەرەوە دابین دەکات و چاودێری لە خاڵە سنوریەکان و فڕۆکەخانەکان بە مەبەستی رێگری لە هاتنە ناوەوەی زنجیرە نوێکانی کۆرۆنا زیاتر دەکرێت.
هەروەک ئاماژە بەوەشدراوە، هەڵمەتەکانی وشیارکردنەوەی هاووڵاتیان فراوانتر دەکرێن و لە پێناو زووتر ناسینەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون و دەستنیشانکردنی زنجیرە نوێکانی کۆرۆنا، توانای ناوەندە تەندروستییەکان بەهێزتر دەکرێت.
هەر بە گوێرەی بڕیارەکانی وەزارەتی تەندروستی، سەرجەم پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی لە پزیشکی منداڵان، ژنان، نەشتەرگەری، شکان و پێست ئامادە دەکرێن بۆ ئەوەی بەشداربن لە هەموو بەشەکان و بۆ چاودێری نەخۆشە سوکەکان، هەروەها پزشکان هەناو و هەناسەش ئامادەبکرێن بۆ ئەوەی وەک پزیشکی چاودێری چڕ خزمەت بکەن".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە