پەیامی کورد … یەكێتی پیاوان: لەمساڵدا 463 پیاو لەلایەن ژنانەوە توندوتیژیان بەرامبەر كراوە
بورهان عەلی سەرۆكی یەكێتی پیاوانی كوردستان ئاشكرای كرد، لە 10 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 463 پیاو توندوتیژییان بەرامبەر كراوە و شەش پیاویش كوژراون، داواش لە رێكخراوەكانی ژنان دەكات لە داواكردنی مافی ژنان و پیاواندا هاوسەنگبن.
بورهان عەلی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، پەیامم بۆ ئافرەتان و پیاوان ئەوەیە كە هەوڵبدەن بە لێكتێگەیشتن كێشەكانیان چارەسەربكەن، چونكە خێزان بنەمای كۆمەڵگەیە و خێزانی دروست و ئەوەی لە ئاشتیدا دەژی و سەقامگیرە كۆمەڵگەیەكی تەندروست دروست دەكات.
هێمای بۆ ئەوەش كردووە، بەپێی ئامارەكان كە لە لق و نوسینگەكانیانەوە بەدەستیان گەیشتووە، لە 10 مانگی یەكەمی ساڵی 2021دا ژمارەی ئەو پیاوانەی توندوتیژییان بەرامبەر كراوە 463 بووە، هەروەها شەش پیاو لەو ماوەیەدا لە لایەن ژنانەوە كوژراون.
سەرۆكی یەكێتی پیاوان دەشڵێت، هۆكاری توندوتیژییەكان زۆرن، لەوانە كێشەی دارایی، لاوازی دەسەڵاتی دادگە و دادوەری، زاڵبوونی بیركردنەوەی خێڵەكی و نەبوونی لێكتێگەشتن، داواش لە رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافەكانی ژنانیش دەكات لە داواكردنی یەكسانی بۆ پیاوان و ژنان هاوسەنگی بپارێزن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە