ژمارەی كوژراوانی هێرشەكەی مۆسكۆ بەرزبوونەوە

ژمارەی كوژراوانی هێرشەكەی مۆسكۆ  بەرزبوونەوە

ژمارەی كوژراوانی هێرشەكەی مۆسكۆی پایتەختی رووسیا، بەردەوامن لە بەرزبوونەوە و بەگوێرەی ئامارەكانی لیژنەی لێكۆڵینەوە، تاوەكو ئێستا 137 كەس گیانیانلەدەستداوە.

لیژنەی لێكۆڵینەوەی رووسیا لە رووداوەكەی مۆسكۆ لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی هێرشە چەكدارییەكەی سەر هۆڵێكی ئاهەنگگێڕان لە دەوروبەری مۆسكۆی پایتەخت، گەیشتووەتە 137 كوژراو.

روونیشكراوەتەوە، تاوەكو ئێستا تەرمی 62 كەس لە قوربانییەكان ناسراونەتەوە، هەروەها سێ لە قوربانییەكان منداڵن، هاوكات لە شوێنی رووداوەكە دەستبەسەر دوو پارچە چەك و بڕێكی زۆر فیشەكدا گیراوە.

درەنگانی شەوی 22ـى ئازاری 2024، هێرشێک کرایەسەر هۆڵێکی ئاهەنگێڕان لە دەوروبەرى مۆسکۆى پایتەختى رووسیا، هەر بەهۆی هێرشەكەوە زیاتر لە 100 كەسی دیكە برینداربوون.

هاوکات رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند، هەرچەندە لەسەرەتای هێرشەکەدا رووسیا، ئۆکرانیای تۆمەتبار دەکرد و ئۆکرانیاش دەیگوت رووسیا خۆی ئەنجامدەری هێرشەکەیە.

دوێنێ یەكشەممە، چەند تۆمەتبارێكی هێرشەكە رووبەڕووی دادگا كرانەوە و سەرچاوەكانی هەواڵی رووسیا ئاماژەیان بەوەكردووە، سزای زیندانی هەمیشەییان بەسەردا دەسەپێندرێت

هاوكات ئاماژە بەوەشكراوە، بەڵام ژمارەیەك لە كەس و لایەنە نزیكەكانی ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆكی رووسیا داوا دەكەن سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو تۆمەتبارانە بگەڕێندرێتەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە