خەڵک داوا دەکەن ئەم دەرگایە کراوە بمێنێت

خەڵک داوا دەکەن ئەم دەرگایە کراوە بمێنێت

پەیامی کورد    ...   خەڵک داوا دەکەن ئەم دەرگایە کراوە بمێنێت  ...

لە پێناو بەدیهێنانی شەفافیەتی زیاتر و تێگەیشتن و چارەكردنی كێشە و موعاناتی خەڵك، مەسروور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەرگای پرسیاركردنی بۆ خەڵك كردەوە. مەسروور بارزانی رایگەیاند: "هەوڵ دەدەم لە ماوەیەكی نزیكدا بە رێگەی ڤیدیۆ ووڵامی هەندێك لە پرسیارە كانتان بدەمەوە". هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش، ئەم هەنگاوە بە هەنگاوێكی گرینگ دەزانن بۆ بەدیهێنانی شەفافیەت و داوا دەكەن بۆ ئەوەی ئەم دەرگایە بە كراوەی بمێنێت، تكایە با هاووڵاتیان پرسیاری جیددی و كێشەی خەڵك لە سەرۆكوەزیران بكەن نەك پرسیاری كەسی.

هاووڵاتی بێخاڵ عەبدواڵڵا، ڕاگەیاند: "ئەم هەنگاوە گرینگییەكی زۆری بۆ هاووڵاتی هەیە، بۆیە دەبێت ئێمە سوود لەو دەرفەتە وەربگرین، بەم هەنگاوەش بۆمان روون بووەوە كە حكوومەتی هەرێم كار بۆ بەدیهێنانانی شەفافیەت دەكات لە كارەكانی و گرنگیەكی دیكەی ئەم هەنگاوەی سەرۆكوەزیرانیش ئەوەیە، كە حكوومەتیش دەزانێت كێشەكانی خەڵك چییە و دەتوانێت بەدواداچوونی بۆ بكات بۆ چارەسەركردنیان، بۆیە هیوادارم ئەم هەنگاوە لەسەر ئاستی بەرپرسیاریەتییەكانی دیكەش وەك وەزارەتەكان كاری لەسەر بكرێت".

لە سەر هەمان پرس، رۆژنامەنووس زێبار هەركی دەڵێت: "لە هەرێمی كوردستان خەڵك بە ئاسانی ناتوانێت بەرپرسانی باڵا ببینێت و وە ڕەنگە ئەوانیش ئەو كاتەیان نەبێت، بۆیە كردنەوەی ئەم دەرگایە هەنگاوێكی بوێرانە و باشە و دەبێت سوودی لێ ببینین".

هەر لەو بارەیەوە، موئەیەد محەمەدی هاووڵاتی، دوای ئەم نووسینەی سەرۆكوەزیران، راستەوخۆ پرسیاری ئاراستەی سەرۆكوەزیران كردووە و دەڵێت: "نزیكبوونەوە و گوێگرتن لە خەڵك، كارێكی گرینگە و نیشانەی ئەوەیە حكوومەت دەیەوێت كێشەكانی خەڵك چارەسەر بكات، بۆیە دەبێت بە گرنگییەوە لەم دەرفەتە بڕوانین و پرسیاری جیددی، كە كێشەی خەڵكە، لە سەرۆكوەزیرانی بكەین نەك پرسیاری كەسی".

ئەو هاوووڵاتییە دەشڵێت: "من دوای ئەو پۆستەی سەرۆكوەزیران راستەوخۆ پرسیارێكم ئاراستە كرد، كە كێشەی (5000) هاووڵاتی بوو لە شاری هەولێر، كە كێشەی قەرەبووی گوندی كۆرییە نەك كێشەی كەسی و لە ئێستاشدا چاوەڕوانی وەڵامم لە رۆژانی ئایندەدا، بۆیە دەبێت ئێمە ئەم دەرفەتە بە گرنگییەوە ببینین و پرسیاری جیددی بكەین، سوپاسی سەرۆكوەزیرانیش دەكەین كە ئەم دەرگایەی بۆ كردینەوە".

گوتیشی: "سوودبینین لە تەكنەلۆژیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە لایەن حكوومەتەوە بۆ گوێگرتن لە كێشەی هاووڵاتیان، گرنگیی خۆی هەیە و شێوازێكی نوێی كاركردنە".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە