پەیامی کورد... كۆمپانیای نیسان كشانهوهی له روسیا راگهیاند
كۆمپانیای نیسانی ژاپۆنی بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیل ئاشكرایكرد كارەكانی لە روسیا رادەستی هاوبەشە خۆجێییەكەی دەكات و لە بازاڕی بەرهەمهێنان لە وڵاتەكە دەكشێتەوە.
لە راگەیەندراوێكدا كە لەلایەن كۆمپانیاكەوە بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوە كراوە دەستەی بەڕێوەبردن پرۆسەی فرۆشتنەكەی بە پەیمانگەی ناوەندیی لێكۆڵینەوە و پەرەپێدانی ئۆتۆمبیل و بزوێنەر لە روسیا ناسراو بە (NAMI)، پەسەند كردووە.
تیشكخراوەتە سەر ئەوەش كە فرۆشەكە كارگەكانی نیسان و ناوەندەكانی پەرەپێدان لە سان پیترسبۆرگ و ناوەندی فرۆشتن و بە بازاڕكردن لە مۆسكۆ، دەگرێتەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوە كراوە كشانەوە لە روسیا "كاریگەریی" ١٠٠ ملیار یەن (٦٨٠ ملیۆن دۆلار)ی دەبێت و مافی كارمەندەكانیان لە رووسیا بۆ ماوەی ساڵێك بە پارێزراوی دەمێنێتەوە.
بەڕێوەبەری جێبەجێكاری نیسان، ماكۆتۆ ئوچیدا لەوبارەیەوە رایگەیاندووە: "لەو خاڵەدا كە نەمانتوانیوە لە چالاكییەكانمان لە بازاڕەكەدا بەردەوام بین، باشترین چارەسەرمان بۆ پشتیوانیی كردن لە كارمەندانمان دۆزیوەتەوە كە بگونجێت".
فرۆشتنەكە بڕیارە لە ماوەی چەند هەفتەیەكدا كۆتایی بێت و لە مەرجەكانیدا بژاردەی ئەوە به نیسان دراوە كە لە ماوەی شەش ساڵدا دەتوانێت دەست بەكارەكانی لە رووسیا بكاتەوە.
كۆمپانیای نیسان دوای دەستپێكردنی جەنگی رووسیا-ئۆكراینا، لە مانگی ئاداردا بڕیاری راگرتنی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیلی لە رووسیا، دابوو.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە