پەیامی کورد ... " فەڕەنسییەکان مامەڵەی ''دەوڵەت'' لەگەڵ کوردستان دەکەن"
پەیوەندییەکانی کورد و فەڕەنسا، بەتایبەت هەرێمی کوردستان زۆر بەهێزە و، تایبەتمەندییەکی گەورەی هەیە، پسپۆڕێکی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە فەڕەنسا دەڵێت، لە مێژووشدا ئەو پەیوەندییانە هەر هەبوون لە نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان لە کاتی دانیال میتران، لە سەردەمی سەرۆک فرانسوا میتران دا، فەرەنسا ڕۆڵێکی گەورەی گێڕا لە بەڕێوبەرایەتی کاتی و هاوکارییان کرد ناوچەی دژەفڕین درووست بوو و حکوومەت ئاوەدان کرا.
دوای سەردەمی فڕانسوا میتران هەر لە سەردەمی ژاک شیراک و نیکۆلا ساراکۆزی فەڕەنسا پشتیوانی کورد و مەلەفەکانی کوردی کردووە و بەتایبەت لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوورییەوە، لەو بارەیەشەوە، د. ئیبراهیم موسلم، ووت: ''لە ئایندەشدا هەبوونی فەرەنسا لە ناوچەکە بۆ کورد باش دەبێت، پێشتریش فڕانسوا ئۆڵاند سەرۆکی پێشووتری فەڕەنسا بۆچوونی خۆی بەرامبەر دیار کردووە کەوا فەڕەنسا وەک وڵاتێک مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن، لە کاتی ڕیفراندۆمیشدا تەنیا فەڕەنسا بوو ڕۆڵێکی گەورەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان گێڕا."
ئێستا پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسی و بازرگانی و خوێندن و کولتووری لە نێوان فەڕەنسا و هەرێمی کوردستاندا زۆر باشن، موسلم گوتیشی: ''لە کاتی سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرەنسا، کە ئەوکات سەرۆکی حکوومەت بوو، بە کوردی قسەی کرد و فڕانسوا ئۆڵاند ڕایگەیاند، دەبێ زمانی کوردی بکەن بە زمانی ناوەندەکانی خوێندنی باڵا لە وڵاتەکەیان، دواتریش بەشی زمانی کوردیی لە زانکۆی سۆربۆن و چەندین زانکۆی تر کرانەوە.
ئاماژەیشی دا: "لە کاتی هێرشەکانی داعشدا فەرەنسا لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕا و پێشوازیی لە کوردانی ئێزدی کرد، خودی وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا لە فرۆکەخانەی شارل دیغۆل پێشوازی لێ کردن، بۆچوونی فەرەنسییەکان بەرامبەر کورد زۆر باشە."
پێشتر وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو و پێش دوو ڕۆژیش فلۆرانس پارلی، وەزیری بەرگری فەڕەنسا لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
لەبارەی ئەمەشەوە دەڵێت: "فەڕەنسا وەک ئەرکێکی مێژوویی، خۆی بە بەرپرسیار دەبینێت بەرامبەر کوردستان و دەخوازێت بۆ دنیاش دیار بکات کە پشتیوانی کوردن، ئەگەر سەیری هەڵوێستی فەرەنسا بکەی بۆ هەرچوار پارچەی کوردستان ڕۆڵیان زۆر باشە و پشتیوانیانە، بەتایبەت هەرێمی کوردستان."
''ئەگەر باسی ژێئۆپۆلیتیکی سیاسی بکەین، بۆ فەرەنسییەکان کوردستان قورسایی زیاتری لە عێراق هەیە و دەیانەوێت زیاتر پێش بکەوێت و ئەگەر ویستی فەرەنسییەکان بووایە ئێستا کوردستان سەربەخۆ بوو.'' موسلم وا دەڵێ.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە