مەکتەبی سیاسی پارتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

مەکتەبی سیاسی پارتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

پەیامی کورد... مەکتەبی سیاسی پارتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان راگەیاندراوێکی لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 11/6/2023، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە: "پارتیمان لە ڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە ژیان و بژێوی هاووڵاتیانی كوردستان هەوڵی زۆریدا كە ماددە و بڕگەكانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023ی عێراقی فیدراڵ بەگوێرەی ئیستحقاقاتی دەستووری و ڕێكکەوتنی ئیدارەی دەوڵەت بۆ پێكهێنانی كابینە و، ڕێكکەوتنی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ بێت و، شایستە داراییەكان بۆ حكوومەتی هەرێم دابین بكرێت".

ئەوەش خراوەتە روو: "لەلایەكی دیكەوە زۆر بەجدی هەوڵیدا ئەو پیلانەی کە بەشێوەیەکی ڕێکخراو لە ئارادا بوون بۆ دەستوەردان لە سەروەری هەرێم و بچووككردنەوە و لێكترازانی قەوارەی هەرێم و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی كە لە دەستووردا جێگیركراون، پووچەڵبكاتەوە".

ئاماژە بەوەش دراوە: "سەرەڕای ئەوەی تەواوی تموحاتی ئێمە لە بودجەدا نەهاتووە، چونكە دەبوو ئەو دەقەی بودجە كە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بڕیاری لێدرابوو دەست كاری نەكرابوایە، بەڵام لەپێناو دەستكردنەوەی حكوومەت بۆ بابەتی مووچە و بەردەوامی وەبەرهێنان و، بەردەوام نەبوونی كێشەكان بڕیارماندا رەئی بە پەسەندكردنی بودجە بدرێت".

روونیشکراوەتەوە: "لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسی هەڤاڵانی فراكسیۆنی پارتیمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و کوتلەی وەزاری پارتیمان لە حكوومەتی فیدراڵ بكەین كە بەوپەڕی دڵسۆزی و ماندوونەناسانە ڕۆڵی خۆیان بینیوە و، داوای سەركەوتنیان بۆ دەكەین".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە