پەیامی کورد... وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ناسنامەی هێرشکەرەکەی دیکەی ئەنقەرەی ئاشکرا کرد
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ناسنامەی هێرشکەرەکەی دیکەی سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی ئەنقەرەی ئاشکرا کرد.
لەمبارەیەوە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە، 04ـی تشرینی یەکەمی 2023، بڵاویکردەوە، دوای ئەنجامی پشکنینی DNA، ناسنامەی هێرشکەرەکەی دیکەی ئەنقەرەیان دەستنیشانکرد کە ناوی ئۆزکان شاهین و ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە بووە.
هەروەها وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دوو رۆژ پێشتر رایگەیاند، ناسنامەی یەکێک لە دوو هێرشکارەکەیان دەستنیشانکردووە کە ناوی حەسەن ئۆغوزە و بە کانیڤار ئەرداڵ ناسراوە و ئەندامی پەکەکە بووە.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە رۆژی سێشەممە، 03ـی تشرینی یەکەم، پەکەکە لە راگەیێندراوێکدا کە لەڕێگەی میدیای نزیک لە خۆیەوە بڵاوکراوەتەوە، ناسنامەی ئەو دوو کەسەی ئاشکرا کرد کە هێرشەکەی ئەنقەرەیان ئەنجامدا.
بەپێی راگەیێندراوەکەی پەکەکە، ئۆزکان شاهین کە بە رۆژهات زیلان ناسراو بووە، لە پارێزگای وان ـی باکووری کوردستان لەدایکبووە؛ حەسەن ئۆغوز کە رۆژی سێشەممە لە مێرسین بەخاک سپێردرا، بە ئەرداڵ شاهین ناسراو بووە و لە پارێزگای مێرسینی تورکیا لەدایکبووە.
جێی باسە بەیانیی رۆژی یەکشەممە، یەکی تشرینی یەکەم، هێرش کرایە سەر بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا. هێرشەکە لەلایەن دوو کەسەوە ئەنجامدرا؛ یەکێکیان خۆی تەقاندەوە و ئەوی دیکەش کوژرا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە