پەیامی کورد... ڕوانگەی سوری: لەسوریا منداڵانی دەیر زور بەئامانج دەگیرێن و مێشکیان دەشۆنەوە
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، میلیشیا ئێرانییەکان منداڵانی دەیر زور بەئامانج دەگرن و مێشکیان دەشۆنەوە تاوەکو باوەڕ بە بیری وەلی فەقیهـ بهێنن.
لەمبارەیەوە ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە لێدوانێکدا بۆ میدیا جیهانییەکان رایگەیاند:: "میلیشیا ئێرانییەکان منداڵانی دەیر زور بەئامانج دەگرن و بەقۆستنەوەی دۆخی هەژاری و نەداریی هاوڵاتییان لە ڕێی فێرکردن لە سەنتەرە ڕۆشنبیرییەکان و باخچەی ساوایانی سەربە میلیشیاکانەوە مێشکیان دەشۆنەوە".
ناوبراو وتیشی: "ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی پێش ئێرانییەکان کاری لەسەر شتنەوەی مێشکی منداڵان دەکرد، ئێستاش میلیشیا ئێرانییەکان لەسەر ڕێچکەی ئەوان دەڕۆن و بەجیاوازی وەلاء و باوەڕەوە منداڵان بە ئامانج دەگرن بۆ باوەڕهێنان بە بیری وەلی فەقیهـ".
ئاشکراشیکردوە: "بەپێی ئەوەی لەسەر زەوی ڕودەدات و ئەوەی ئەو میلیشیایانە دەیکەن، ئەو ناوچەیە بووەتە کۆڵۆنیایەکی ئێرانییەکان".
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ جەختیشێ کردەوە: "شادەماری میلیشیا ئێرانییەکان ئەو هێڵەیە لە ئەلبوکمالەوە دەچێت بۆ دەشتی ڕۆژئاوای دەیر زور، لە تارانەوە درێژ دەبێتەوە تا بەیروت. ئەوان دەیانەوێت ئەو هێڵە بهێڵنەوە و دەیانەوێت نەوەیەک دروستبکەن بڕوای بە بیری وەلی فەقیهـ هەبێت".
جێی باسە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆی سوریاوە، هەردوو وڵاتی ڕوسیا و ئێران پشتیوانییەکی بێسنوری ڕژێمی بەشار ئەسەدیانکرد بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا. ئێرانییەکان گروپگەلێکی چەکداری زۆریان لە وڵاتەکە دروستکردووە و بە هەموو جۆرێک پشتیوانییان دەکەن و ئێستا ناوچەیەکی فراوانی سوریایان بەدەستەوەیە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە