پەیامی کورد... ڕووسیا هۆشداری دەدات لە کەوتنی وێستگەی بۆشایی ئاسمانی نێودەوڵەتی بەهۆی سزاکانەوە
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ڕووسیا «ڕوسکوزمۆس» هۆشداری دەدات سزا سەپێنراوەکانی سەر ڕووسیا کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر وێستگەی بۆشایی ئاسمانی نێودەوڵەتی، داوادەکات سزاکان هەڵبگیرێن.
دیمیتری ڕۆگۆزین سەرۆکی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ڕووسی ڕایگەیاند، سزاکان دەبنە هۆی دروستبوونی کێشە و گرفت لە کارکردنی کەشتییە ئاسمانییەکانی ڕووسیا لە بۆشایی ئاسمان، ئەمەش کاریگەری دەکاتە سەر بەشی ڕووسیا لە وێستگەی بۆشایی ئاسمانی نێودەوڵەتی.
سەرۆکی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ڕووسیا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، «ئەوەش دەبێتە هۆی دابەزینی وێستگەی بۆشایی ئاسمانی نێودەوڵەتی کە کێشەکەی 500 تۆنە لە وشکانی یان دەریادا».
بەر لە دوو هەفتەش بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی Roscosmosی بۆشایی ئاسمانی ڕووسی هۆشداریدا لە دەرچوونی وێستگەی بۆشایی ئاسمانی نێودەوڵەتی لە خولانەی و لەدەستدانی کۆنترۆڵی وێستگەکە، ئەگەر سزا نوێیەکان کاریگەریی بکاتە سەر هاوکارییەکانی ڕووسیا لەو بوارەدا.
دیمیتری ڕۆگۆزین دەڵێت، هاوکارییەکان پێویستییەکی گرنگن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی وێستگە نێودەوڵەتییەکە، «ئەگەر ئەمریکا هاوکاریی زیاتر ڕەتبکاتەوە، ئەو کاتە کێ وێستگەی بۆشایی ئاسمانی نێودەوڵەتی ڕزگار دەکات لە دەرچوونی لە خولگەکەی و کەوتنەخوارەوەی لە خاکی ئەمریکا یان ئەورووپا؟».
لەوبارەیەوە گارێت ڕایسمان کەشتیوانی ئاسمانی لە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا بە تۆڕی CNNی ڕاگەیاندووە، «ناسا بەردەوامە لە هاوکارییەکان لەگەڵ ڕووسیا لەڕووی هەر کارێکی وێستگەکەوە، بۆیە پێموانییە سزا نوێیەکان کاریگەریی بکاتە سەر ئەو هاوبەشییە، ئێمە کار لەگەڵ سەرجەم هاوبەشەکانمان دەکەین لەناویشیاندا ڕوسکۆزمۆس بۆ سەلامەتی و پاراستنی وێستگەکە».
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە