دوای پچڕاندنی پەیوەندییەکان باڵیۆزخانەی ئێران لە ئەلبانیا سەرجەم بەڵگەنامەکانی سووتاند

دوای پچڕاندنی پەیوەندییەکان باڵیۆزخانەی ئێران لە ئەلبانیا سەرجەم بەڵگەنامەکانی سووتاند

پەیامی کورد... دوای پچڕاندنی پەیوەندییەکان باڵیۆزخانەی ئێران لە ئەلبانیا سەرجەم بەڵگەنامەکانی سووتاند

دیپلۆماتە ئێرانییەکان لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە ئەلبانیا بەر لە چۆڵکردنی باڵیۆزخانەکە سەرجەم بەڵگەنامەکانیان سووتان، ئەوەش دوای ئەوەی ئەلبانیا پچڕاندنی سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند و ٢٤ کاتژمێری دیاری کرد بۆ چۆڵکردنی وڵاتەکەی.

ئەلبانیا بە تۆمەتی ئەوەی لە مانگی تەممووزدا تاران هێرشی ئەلیکترۆنیی بۆ سەر دامەزراوەکانی ئەنجام داوە، بڕیاری ڕاگرتنی سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران دا، ماوەی ٢٤ کاتژمێریشی دانا بۆ ئەوەی دیپلۆماتەکانی ئێران وڵاتەکەی چۆڵ بکەن.

ئیدی ڕاما سەرۆک وەزیرانی ئەلبانیا ڕۆژی چوارشەممە بڕیاریدا بە دەرکردنی سەرجەم دیپلۆماتە ئێرانییەکان و داخستنی باڵیۆزخانەی ئێران لە وڵاتەکەی و چۆڵکردنی ئەلبانیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا.

سەرۆک وەزیرانی ئەلبانیا وتی، «هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ئێران هەڕەشەن بۆ سەر لەکارخستنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، سڕینەوەی سیستەمی دیجیتاڵی و بردنی تۆمارەکانی دەوڵەت و دزینی نامە ئەلیکترۆنییە ناوخۆیییەکانی حکومەت، هەروەها دروستکردنی پشێوی و ئاژاوە.

باسی لەوە کرد، هێرشەکەی مانگی ڕابردوو شکستی هێناوە، «زیانەکان بەراورد بە ئامانجی هێرشەکە کەم و بچووک بوون، سیستەمەکە ئێستا بەتەواوی کەوتووەتەوە کار».

شایەتحاڵێک لە باڵیۆزخانەی ئێران بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وتووە، بینیویەتی سەرجەم تۆمارەکانیان کردووەتە ناو بەرمیلەوە و سوتاندوونیان.

واشنتن کە ئەلبانیا وەک هاوپەیمانێکی نزیک دادەنێت، ئێرانی بەو هێرشە تۆمەتبار کرد و بەڵێنیدا کە ڕێکاری توند دژی ئێران بگرێتە بەر لەبەرامبەر ئەو کردەوانەی دژی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دەیکات.

لە بەرامبەردا ئێران سەرکۆنەی بڕیارەکەی ئەلبانیای کرد، پاساوەکانی ئەو وڵاتەی بۆ ئەو بڕیارە بە «بێ بنەما» ناو برد.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە