پەیامی کورد... لە بەرازیل لانیکەم ٣٦ کەس بەهۆی لافاو و رۆچوونی زەوی گیانیان لەدەستدا
بەهۆی لافاو و رۆچوونی زەوی لە بەرازیل، لانیکەم 36 کەس گیانیان لەدەستدا و بەرپرسانیش هۆشداریدەدەن لەوەی ژمارەکە بەرزدەبێتەوە.
لەمبارەیەوە ئەمرۆ دووشەممە حکومەتی خۆجێیی ویلایەتی ساوپاولۆی بەرازیل رایگەیاند، لانیکەم 35 کەس لە شاری ساو سێبەسیۆ گیانیان لەدەستداوە و کچێکیش لە شاری یوباتوبای ویلایەتەکە گیانی لەدەستداوە.
لای خۆیەوە هێنگوێل پێرەیرا، سەرۆکی بەرگریی شارستایی بەرازیل بە میدیای وڵاتەکەی وتوە:" بەداخەوە چاوەڕوان دەکەین گیانلەدەستدانی زیاترمان هەبێت".
هەروەها حکومەتی بەرازیل دەڵێت، هەر بەهۆی لافاوەوە، 225 کەس ماڵەکانیان تێکچووە و 338 کەسی دیکەش بەهۆی ئەوەی لافاو چووەتە نێو خانووەکانیان، ناچاربوون ماڵەکانیان جێبێڵن.
جێی باسە تاوەکو ئێستا دیار نییە چەند کەس بەهۆی لافاوەوە بێسەروشوێن بوون. بەرپرسانیش 1.5 ملیۆن دۆلاریان بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و قەرەبووکردنەوەی لێقەوماوان تەرخانکردووە. هاوکات 100 کارمەندی ئاگرکوژێنەوەش لە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕاندا بە هێلیکۆپتەر، بەشدارن.
هاوكات بەگوێرەی کەشناسیی بەرازیل، لە ماوەی 24 کاتژمێردا لە ویلایەتی ساوپاولۆ 60 سانتیمەتر باران باریوە. ئەوەش دەکاتە دوو هێندەی ئەو بڕە بارانەی لە باری ئاساییدا لە ماوەی مانگێکدا لەو ویلایەتە دەبارێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە