سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کرد

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کرد

پەیامی کورد... سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کرد

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی جێگری وەزیری دەرەوە و هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی ئیتاڵیا کرد و چەند بابەتێکیان تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ شەممە ٤/٦/٢٠٢٢، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی خاتوو مارێنا سێرێنی، جێگری وەزیری دەرەوە و هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی ئیتاڵیا کرد، لە کۆبوونەوەکەدا کە ماوریتزۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق ئامادەی بوو، گفتوگۆیان دەربارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا کرد.

جێگری وەزیری دەرەوە و هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی ئیتاڵیا، باسی لە پەیوەندیی دۆستانەی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان کرد و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری و وەبەرهێنان دەربڕی. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە بە خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانن بۆ ئیتاڵیا و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە لە دەرفەتێکدا کە بۆیان گونجاو بێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامیی ئیتاڵیای کرد بۆ هێزی پێشمەرگە، بە تایبەتی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، هەروەها خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ فراوانکردنی هەماهەنگیی و هاریکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیتاڵیا لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە