پەیامی کورد ... بێ ڕەزامەندی ژینگە هیچ پاڵاوگەیەک مووڵەتی پێ نادرێت
بەڕێوبەری فەرمانگەی کاروباری ھونەری لە دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەێنێت، زۆرینەی پاڵاوگە نایاساییەكان داخراون و ھەر پاڵاوگەیەک بیەوێت دامەزرێت و مووڵەت وەربگرێت، پێویستە ڕەزامەندی لە نۆ شوێن وەربگرێت، ئەگەر نا ناتوانێت مووڵەتی پێ بدرێت.
ئازاد نووری عەوڵا، بەڕێوبەری فەرمانگەی کاروباری ھونەری لە دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێكی تایبەتدا ڕایگەیاند: لە پارێزگای ھەولێر کۆمەڵێک پاڵاوگەی نایاسایی داخراون، بەھۆی پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکان، چوونکە بەپێی ڕێنمایی ژمارە یەکی ساڵی ٢٠٢٠ی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، پێویستە بۆ وەرگرتنی مووڵەت پاش سامانە سرووشییەكان، ڕەزامەندی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، دەستەی ژینگە، کارەبا و چەند شوێنێکی دیکە وەربگرێت، چوونکە ناتوانن بە ئاسانی مووڵەت وەربگرن و زیان بە ژینگە بگات.
ئەوەشی ووت : ئەو پاڵاوگانەی ئێستا هەن، پێویستە مووڵەتەكانیان نوێ بکەنەوە و ڕێنماییەکان جێبەجێ بکەن، ئەمەش وای كردووە ئێستا زۆرینەی پاڵاوگەکان نەماون و داخراون و ڕێژەیەکی کەمیان ماوە.
ئازاد نووری عەوڵا ڕوونیشیكردەوە: پێشتر ئەو پاڵاوگانە بەھۆی ئەوەی ڕێگەی ھاوردەکردنی سووتەمەنی کەم بوو پێویستمان پێی ھەبوو، بە مەرجی كەمتر دانرابوون، بەڵام ئێستا بەنزین و سووتەمەنی ھەیە و پێویست ناکات ئەو جۆرە پاڵاوگانە كە ڕەچاوی مەرجەكان ناكەن بمێنن.
بەڕێوبەری فەرمانگەی کاروباری ھونەری لە دەستەی ژینگە جەختیش دەکاتەوە: بەردەوام کار دەكەین بۆ ئەوەی پاڵاوگەی نایاسایی نەمێنێت و دابخرێن، ھەر لەو ماوەیەدا نزیکەی حەوت پاڵاوگەی دیکە داخران.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە