پەیامی کورد... داهاتی بەناوبانگترین هونەرمەندی جیهانی بۆ نەخۆشخانەیەکی منداڵانی ئۆکراینا تەرخان دەکرێت
کارێکی هونەریی هونەرمەندی ناسراو بە ناوی «بانکسی» ەوە، لە زیادکردنێکدا بە بڕە پارەیەکی زۆر دەفرۆشرێت و داهاتەکەشی بۆ نەخۆشخانەیەکی منداڵان لە ئۆکراینا تەرخان دەکرێت.
لە پێگەی «MyArtBroker» ی بەریتانیی تایبەت بە فرۆشتنی کارە هونەرییەکان، پاش زیادکردنێکی بێدەنگ کە ماوەی 10 ڕۆژی خایاند، کارێکی بانسکی بە بڕی $106505 فرۆشرا و سەرجەم داهاتەکەش بۆ نەخۆشخانەی «Ohmatdyt» ی تایبەت بە منداڵان تەرخان دەکرێت لە ئۆکراینا.
نەخۆشخانەی ناوبراو، یەکێکە لە گەورەترین نەخۆشخانەکانی منداڵان لە وڵاتی ئۆکراینا و لە ماوەی جەنگی ڕووسیادا ئەرکی چارەسەرکردنی زۆربەی بەرکەوتووەکانی جەنگ و منداڵانیشی لە ئەستۆدا بووە.
شارلۆت ستیوارت بەڕێوەبەری گشتیی پێگەی «MyArtBroker» لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ئەم هاوکارییە «لە چەند هەفتەی داهاتوودا کاریگەرییەکی مەزن دەخاتە سەر ژیانی ستاف، منداڵان و خێزانەکانیان» لە نەخۆشخانەکە.
بانکسی بۆ یەکەمین جار تابلۆی «CND Soldiers» ی لە ساڵی 2003دا وەک ناڕەزایەتییەک دژ بە جەنگی عێراق، لەسەر دیوارێک نزیکی پەرلەمانی بەریتانیا کێشا و هەرایەکی گەورەی نایەوە.
پاش دوو ساڵ، تەنیا 700 کۆپی لەم کارە هونەرییە بڵاوکرانەوە و نیوەیان لەلایەن بانکسییەوە واژۆ کرابوون، ئەو کارەش کە لە زیادکردنەکەدا فرۆشرا و داهاتەکەی بە نەخۆشخانە ئۆکراینییەکە بەخشرا، یەکێکە لەو 700 کۆپییە.
بانکسی ناوی خوازراوی هونەرمەندێکی بەریتانییە کە سەرباری ئەوەی لە ڕیزی ناوە هەرە بەناوبانگەکانی جیهاندایە، تا ئێستا ناسنامەی ڕاستەقینەی زانراو نییە.
کارە هونەرییەکانی بانکسی سەرجەمیان هەڵگری هەڵوێستی کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتین و زۆربەی جار وەک ڕەخنەی توند دژ بە سیاسەتی جیهانی سەیر دەکرێن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە