داوای غەرامە بۆ ڕاوچی پڵینگەکەی باتیفا دەکرێت

داوای غەرامە بۆ ڕاوچی پڵینگەکەی باتیفا دەکرێت

پەیامی کورد… داوای غەرامە بۆ ڕاوچی پڵینگەکەی باتیفا دەکرێت

دوای ئەوەی لە رۆژی 29 کانوونی یەكەمی 2021 لە قەزای باتیفای سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، پڵنگێك كەوتە تەڵەیەكی هاووڵاتییەك و بووە هۆی ئەوەی قاچێكی لەدەست بدات، دەستەی پاراستنی ژینگەی هەرێمی كوردستان داوایان كرد، بەپێی یاسا ئەو هاووڵاتییەی تەڵەكەی داناوەتەوە بە بڕی 10 ملیۆن دینار سزا بدرێ.

رەزا خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی پاراستنی ژینگەی هەرێمی كوردستانڕایگەیاندووە کە: "بەگوێرەی رێنماییەكانی ساڵی 2015، كە تایبەتن بە پاراستنی ئەژەڵی كێوی و ئاژەڵی ئاوی و گرتن و راوكردنی ئاژەڵان، كە ئەو رێنماییە جارێكی دیكە لە ساڵی 2021 هەموار كراوەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە، كە هەركەسێك سەرپێچیی لەم رێنماییانە بكات، بە گوژمەی 10 ملیۆن دینار سزا دەدرێ”.

گوتیشی: “سەبارەت بە گرتنی پڵنگەكەی قەزای باتیفا، ئێمە ئاگادار كراوینەتەوە، كە كەسێك ئامێری (تەڵە)ی بۆ پڵنگەكە داناوەتەوە، ئەو ئامێرەش دەچێتە چوارچێوەی ئەو كەرەستانەی لە رێنماییەكەدا قەدەغە كراون بۆ گرتن و راوكردنی ئاژەڵ بەكار بهێنرێن، كە بووەتە هۆی ئەوەی پڵنگەكە قاچێكی لێ ببێتەوە”.

گوتەبێژی دەستەی پاراستنی ژینگەی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: “لەو رۆژانەی كە ئەو رووداوەی تێدا روویداوە، كاتی پشووەكان بووە، بۆیە سبەی یەكشەممە لە كاتی دەستپێكردنی دەوامی فەرمی، ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەكەین و هەوڵ دەدەین ئەو كەسە دەستنیشان بكرێ كە تەڵەی بۆ پڵنگەكە داناوەتەوە و لە دادگا سكاڵای لەسەر تۆمار دەكەین و دەبێت بە بڕی 10 ملیۆن دینار سزا بدرێت، چونكە ئەو بڕە پارەیە لە رێنماییەكاندا بۆ ئەو كەسانە داندراوە، كە سەرپێچیی دەكەنە سەر ژینگەی كوردستان”.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە