پەیامی کورد … سەلەفییەکان لە شاری سنەش هەڵیانکوتایە سەر خەڵک
ژمارەیەک لە سەلەفی و ئەندامانی گرووپە توندئاژۆ ئیسلامییەمان شەوی ڕابردوو دوای ئەوەی هەڵیانکوتایە سەر چەند لاوێک بە چەکی گەرم و سارد ڕژانە سەر شەقام و تەقەیان کرد.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ئایاری ٢٠٢١ ژمارەیەک لە سەلەفییەکانی شاری سنە کە سەر و چاوی خۆیان داپۆشتبوو و لە سەر ماتۆر بوون و دروشمی “اللە اکبر”یان دەوتەوە هەڵیان کوتایە سەر گۆڕەپانی شوورا و شەقامی خزری زیندوو لە گەڕەکی حاجیاوای سنە و هاووڵاتییەکیان بە ناوی “ناسیح” بریندار کرد.
دانیشتوانی گەڕەکی حاجیاوا بەرەنگاری سەلەفییەکان بوونەتەوە و لەئاکامدا دوو ئەندامی گرووپە سەلەفییەکان بریندار و بۆ نەخۆشخانەی کەوسەر گوازراونەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە ڕاگەیاند کە، دوای ئەوەی ئەو دوو کەسە بە نەخۆشخانەی کەوسەر گوازراونەتەوە ژمارەیەکی زۆر لە سەلفییەکان بە شـمشێر و چەکەوە چوونەتە پێش نەخۆشخانەکە و تەقەیان کردووە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر هەموو شەقامەکانی دەورووبەری نەخۆشخانەکانی کەوسەر و “تامین اجتماعی” یان داخستووە.
لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا گرووپە سەلەفییەکان لە شارەکانی سەقز، سنە و مەریوان چەند جار هێرشیان کردووەتە سەر خەڵک. ئەم گرووپانە کەناڵی ئیستاگرامی و تێلێگرامیان داناوە و بە ئاشکرا هەڕەشەی کوشتن لە هاووڵاتیانی مەدەنی دەکەن.
جێگای ئاماژەیە سەرباری ئەوەی کە ناوەندە ئەمنییەکان لە شارەکانی کوردستان کەشێکی ئەمنییان زاڵ کردووە، بەڵام بە کردەوە هیچ هەنگاوێکیان هەلنەگرتووەەوە بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەم گرووپانە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە