پەیامی کورد... ئیسرائیل: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڤیەننا خوازیاری لابردنی سوپا لە لیستەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانە
ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٢، "نەفتالی بێنێت" سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە وتارێکدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لە ڕەوتی دانوستانەکانی ڤییەندا خوازیاری لابردنی سوپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و هەروەها داخرانی یەکجاری دۆسیەی ناوکی لە ئاژانسی نێونەتەوەیی ناوکی بووە.
"بێنێت" کە لە کۆڕی سەرەکیی جووەکانی ئەمریکا قسەی دەکرد، وتی: "نیگەرانی ڕێکەوتنێکین کە لە "ڤییەن" خەریکە ڕوو دەدات و دەبێتە سەرچاوەی شەڕ و خوێنڕشتن و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نە ئەمن".
ئەم بەرپرسە باڵایەی ئیسرائیل سوپای پاسدارانی وەک گەورەترین ڕێکخراوی تیرۆریستیی جیهان ناو برد کە لە ئەگەری لابردنی لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا زۆرتر و دڕندانەتر لە جاران درێژە بە تیرۆریزم دەدات.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە گەورەترین کێشەی ڕێکەوتنی نوێ لەگەڵ ڕژێمی ئێران "بەندی غرووب"ی ئەم ڕێکەوتنەیە کە پاش ئەم دوو و نیو ساڵ، ڕژێمی ئێران دەتوانێت سانتریفیوژی پێشکەوتوو دروست بکات و درێژە بە کردەوە نایاسایییەکانی بدات.
"بێنێت" لە کۆتاییدا دیسان وتی: "مافی ئازادیی کردەوە بۆ خۆمان بە ڕەوا دەزانین و هەر کاتێک هەست بە مەترسی بکەین دەیانکەینە ئامانج".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە