وەزارەتی تەندروستیی کوەیت رایگەیاند، بەهۆى کەوتنەوەى ئاگر لە باڵەخانەیەکى بازرگانى، 35 کەس گیانیانلەدەستدا و دەیانى دیکەش برینداربوون.
بەرگریی شارستانیى کوەیت رایگەیاند، ئاگرەکە لە گەڕەکی ئەلمەنگەفی پایتەخت کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە بەگوێرەى ئامارە سەرەتاییەکان، 35 کەس گیانیانلەدەستداوە کە زۆرینەیان کرێکارى بیانیین.
دەشڵێت، ئاگرەکە لە باڵەخانەیەکی بازرگانی کەوتووەتەوە کە شوێنی مانەوەی کرێکاری بیانی بووە و ئاگرەکە دووکەڵى دروستکردووە و بووەتەهۆى خنکانى کرێکارەکان.
وەزارەتی تەندروستیی کوەیت ئاماژەی بەوەکردووە، تیمە فریاگوزارییەکان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە و دەستکراوە بە گواستنەوەی بریندار و خنکاوەکان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەرجەم نەخۆشخانە نزیکەکان تەرخانکراون بۆ پێشوازیی لە قوربانییەکانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە