پەیامی کورد... پووتین هەڕەشەی ڕاگرتنی هەناردەی غاز لە ئەورووپا دەکات
ڤلادیمیر پووتین سەرۆکی ڕووسیا بڕیاریدا لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە، نرخی هەناردەکردنی غازی سروشتی بۆ ئەو وڵاتانەی کە بە "ناحەز" ناوی بردوون، کە وڵاتانی ئەورووپا دەگرێتەوە، بە دراوی ڕۆبڵ بدرێت و چیتر مامەڵە بە دۆلار و یۆرۆ نەکات، دەشڵێت: " ئەگەر بە ڕوبل پارە نەدرێت، ئەوا گرێبەستەکانی غازی ڕووسیا ڕادەگیرێن".
ئەمڕۆ 31-3-2022، ڤلادیمیر پووتین مەرسومێکی واژۆ کرد لەبارەی گۆڕانکاری لە شێوازی پێدانی نرخی غازی هەناردەکراو بۆ ئەو وڵاتانەی کە دۆستی ڕووسیا نین و زۆربەشیان وڵاتانی ئەورووپان.
بەگوێرەی مەرسومەکە، لە سەبەینێوە 1-4-2022، پێویستە لەسەر ئەو وڵاتانەی کە دۆستی ڕووسیا نین، نرخی ئەو غازە سروشتییەی کە هاوردەی دەکەن، بە دراوی نیشتمانی ڕووسیا (ڕۆبڵ) بدەن، کە پێشتر بە دۆلار و یۆرۆ بوو.
هەرچەندە وڵاتانی ئەورووپا ڕەتیانکردووەتەوە مامەڵە بە دراوی ڕۆبڵ بکەن و ئەم کارەیان بە سەرپێچیکردن لە گرێبەستەکانی نێوانیان وەسفکردووە، بەڵام سەرۆک ڕووسیا وتی: ئەگەر ئەو وڵاتانە نرخی هەناردەی غاز بە ڕۆبڵ نەدەن، ئەوا گرێبەستەکان ڕادەگیرێن و چیتر غازیان بۆ هەناردە ناکرێت.
بەپێی مەرسومەکە، پێویستە وڵاتانی کڕیاری غازی ڕووسیا، دوو هەژماری بانکیی نوێ لە بانکی (غازپرۆم بانک) ی ڕووسی بکەنەوە، کە یەکێکیان بە دراوی ڕۆبڵ و ئەوی دیکەش بە دراوی بیانی، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە نرخی غازی هەناردەکراو بە حکومەتی ڕووسیا بدەن.
لەبارەی سزا سەپێنراوەکانی سەر ڕووسیاش بەهۆی شەڕی ئۆکراینا، ڤلادیمیر پووتین ئاماژەی بەوەکرد کە وڵاتانی ئەورووپا زیانێکی زۆر دەکەن و بە ملیۆنەها کەس ڕووبەڕووی بێکاری دەبنەوە و ئاستی ژیان و گوزەرانی خەڵک لەو کیشوەرە دادەبەزێت.
وتیشی: " ئەمریکا لەڕێگەی هاندانی وڵاتانی ئەورووپا بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە غازی ڕووسیا، هەوڵ دەدات غازی سروشتیی شلکراوەی (LNG) بە نرخێکی بەرز بەسەر ئەو وڵاتانە ساغ بکاتەوە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە