پەیامی کورد … یەكێتی ئەوروپا تیمێك بۆ چاودێریكردنی ھەڵبژاردنەكان ڕەوانەی عێراق دەكات
بڕیارە لە ١٠ی مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ئەنجام بدرێت و لەسەر ئەو پرسە یەكێتیی ئەوروپا تیمێك بۆ چاودێریكردنی ھەڵبژاردنەكانی پێشوەختە رەوانەی عێراق دەكات.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق پشت بەستن بە راگەیەنراوێكی یەكێتیی ئەوروپا بڵاویكردەوە كە لە كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا لە لەكسمبۆرگ، نوێنەری باڵای یەكێتیی ئەوروپا لە سیاسەتی دەرەكی و كاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێڵ پاڵپشتی یەكێتیی ئەورووپای بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی داھاتوو لە عێراق بۆ وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن دووپاتكردووەتەوە و ھاتووە: لەسەر داوای حكوومەتی عێراق، یەكێتیی ئەوروپا بڕیارداوە تیمی خۆی بۆ چاودێرێكردنی ھەڵبژاردنەكانی پێشوەختە رەوانەی عێراق بكات.
لە راگەیەنراوەكەدا ئەوەش هاتووە:" یەكێتیی ئەوروپا جارێكی دیكە پاڵپشتی خۆی بۆ ھەوڵەكانی حكوومەتی عێراق دووپات دەكاتەوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كە لەلایەن عێراقییەكانەوە بەڕێوەببرێت لەگەڵ رێزگرتن لە سەروەریی عێراق".
چاوەڕوان دەكرێت ھەڵبژاردنەكانی پێشوەختە لە عێراق لە ١٠ی مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت كە تیایدا ٢٥ ملیۆن و ١٣٩ ھەزار و ٣٧٥ دەنگدەر مافی بەشدارییكردنیان لە پڕۆسەكەدا ھەیە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە