شاندێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا بكات

شاندێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا بكات

پەیامی کورد    ...     بڕیارە لە ڕۆژانی داھاتوودا شاندێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا بكات، بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێ، مووچە و بوودجەی ھێزی پێشمەرگە و جووڵەی داعش لە ناوچە كوردستانییەكان، تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق دەبێت.

لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتی رۆشنبیری و ھۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە ، ڕایگەیاند: "لە بەرنامەی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێم و وەزارەتی پێشمەرگەدایە، شاندێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی وەزارەتی بەرگری عێراق بكات و ئەجێندای سەردانی شاندی پێشمەرگەش، پرسی بوودجە و مووچەی پێشمەرگە و بریندارەكانی شەڕی داعشە، ھەروەھا یەكێكی دیكە لە تەوەری دانووستانەكان، جووڵەی چەكدارانی داعشە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان".

بەرپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "لە ھەندێ ناوچەی ھێڵی تەماسی نێوان ھێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بەداخەوە دەستی داعشی پێگەیشتووە و دەمانەوێ ھەماھەنگی ھەبێت بۆ گۆڕینەوەی زانیاری ھەواڵگری لەبارەی چالاكییەكانی داعشەوە".

لیوا بابەكر ئاماژەشی دا: "شاندی وەزارەتی پێشمەرگە دوای كۆتاییھاتنی پشووی جەژن بڕیارە سەردانەكە ئەنجام بدات، ھەرچەندە كاتەكە دیاری نەكراوە، بەڵام چاوەڕێ دەكەین لە هەفتەی داھاتوودا سەردانەكە ئەنجام بدرێت و لەسەر ئاستێكی باڵای وەزارەت ھەر لە سەرۆكایەتیی ئەركانەوە بگرە تا ئەو ئاستەی پێویستە، بەشدار دەبن".

پەیوەست بە خەرجكردنی مووچەی پێشمەرگە لەلایەن بەغداوە و گلدانەوەی حەوت مووچەی پێشمەرگە، لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد روونی كردەوە: "یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی كۆبوونەوەی ھەردوو وەزارەت، پرسی مووچەی پێشمەرگەیە، چونكە تا ئێستا خەرج نەكراوە و پێویستە دیراسەتی ئەو بابەتە بكرێت و ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە بەپێی یاسا خەرج بكرێت".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە