مامۆستایەکی خانەنشینکراو لە کرماشان دەستبەسەرکرا

مامۆستایەکی خانەنشینکراو لە کرماشان دەستبەسەرکرا

سەلمان ئولفەتی، مامۆستای خانەنشینکراو و لە چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری گیەڵان سەر بە پارێزگای کرماشان، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٨ی بەیانیی ڕۆژی هەینی (١٢ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، سەلمان ئولفەتی، تەمەن ٦٠ ساڵ و مامۆستای پێشووی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە قۆناغی ناوەندیی قوتابخانەکانی گیەڵان، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری گیەڵان ئۆتۆمبێلەکەی سەلمان ئولفەتییان ڕاگرتووە و ناوبراویان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە.

ئەو هێزانە دوای دەستبەسەرکردنی سەلمان ئولفەتی، بەبێ مۆڵەت ماڵی ئەو هاووڵاتییەیان بەتەواوی پشکنیوە و سویچ و ئۆتۆمبێلەکەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی کردووە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراو و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی سەلمان ئولفەتی زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

شایەنی باسە کە، سەلمان ئولفەتی، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی گوڵانی ٢٧٢٣ (١٥ی مەی ٢٠٢٣)، دوای پشکنینی تەواوەتی ماڵەکەی و دەستبەسەرداگرتنی بەشێک لە کەلوپەلە تایبەتییەکانی، دەستبەسەرکرابوو.

ئەم مامۆستا خانەنشینە، پاش ماوەیەک لە دەستبەسەرگەی ناوەندە ئەمنییەکانەوە بۆ بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان گواسترابووەوە و دواتر ئازادکرابوو.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە