لە تورکیا باری نائاسایی ڕاگەیاندرا

لە تورکیا باری نائاسایی ڕاگەیاندرا

پەیامی کورد... لە تورکیا باری نائاسایی ڕاگەیاندرا

سەرۆكی توركیا ڕایگەیاند: وڵاتەكەی ڕووبەڕووی یەكێك لە خراپترین و گەورەترین كارەساتی مرۆیی هاتووە و باری نائاسایی لە ناوچە زیانلێكەوتووەكانیش بۆ ماوەی 3 مانگ ڕادەگەیەنێت بەهۆی ئەو بومەلەرزە وێرانكەرەی چەند ناوچەیەكی گرتەوە و بووە مایەی گیان لەدەستدانی هەزاران كەس.

ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە وتارێكیدا لە سەنتەرەی ئیدارەی ئۆپەراسیۆنەكانی فریاكەوتن ئاماژەی بەوەدا: وڵاتەكەی ڕووبەڕووی یەكێك لە خراپترین و گەورەترین كارەساتی مرۆیی هاتووە و باری نائاسایی لە ناوچە زیانلێكەوتووەكانیش بۆ ماوەی 3 مانگ ڕادەگەیەنێت بەهۆی ئەو بومەلەرزە وێرانكەرەی چەند ناوچەیەكی گرتەوە و بووە مایەی گیان لەدەستدانی هەزاران كەس و لەئێستادا تیمەكانمان بەدرێژایی 24 كاتژمێر كاردەكەن بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ڕەوشەكە و چەندان تیمی فریاگوزاریش لە وڵاتانەوە هاتوون بۆ بەشداریی و هاوكاریكردن بۆ ڕزگاركردنی لێقەوماوان.

ڕاشیگەیاند: شارەزایانی بواری بومەلەرزە دەڵێن، ئەو بومەلەرزە گەورەیەی لە توركیا ڕوویدا هاوشێوەی نەبووە، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەكەین ئەو ڕێڕەوانە بەكارنەهێنن كە دەكەونە ناوچەی بومەلەرزەكان، جگە لە حاڵەتی پێویست و بەپەلەدا نەبێت و تۆڕەكانی پەیوەندی و ئینتەرنێت مەشغول نەكەن.

ووتیشی: ژمارەی گیان لەدەستدان تائێستا گەیشتۆتە 3549 كەس، ئەم ژمارەیەش ڕووی لە بەرزبوونەوەیە، ژمارەی بریندارەكانیش 22 هەزار و 168 كەسن كە بە دەرەنجامی كۆتایی دانانرێت.

باسی لەوەشكرد: دەستپێشخەریی هاوكاریی 76 وڵاتمان پێگەیشتووە بۆ یارمەتیدانی ئەنقەرە لەپێناو بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی بومەلەرزەكە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە