پەیامی کورد... قەیرانی داهاتووی جیهان ڕەنگە بەهۆی کەمیی خۆراکەوە بێت
پسپۆڕێکی دیار لە بواری تەندروستیی جیهانیدا هۆشداری داوە، زیادبوونی کەم خۆراکی دەشێت هەمان مەترسیی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای بۆ جیهان هەبێت.
پیتەر ساندس بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە «سندووقی جیهانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئایدز، سیل و مەلاریا» لە دیمانەیەکی ئاژانسی «ڕۆیتەرز» دا ڕایگەیاندووە، بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و وزە کە چەند هۆکارێکی هەیە و دیارترینیان جەنگی ئۆکراینایە، ئەگەری هەیە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ببێتە هۆی مردنی ملیۆنان کەس لە جیهاندا.
ساندس بۆیزیادکردووە، «کەمیی خۆراک دوو ئاکامی دەبێت، یەکەمیان ئەوەی ڕووبەڕووی کارەساتی مردنی خەڵک دەبیتەوە لە برسێتیدا. دووەمیشیان کێشەی ژمارەیەکی زۆرتری خەڵک کە بەدەست خراپیی خۆراکەوە دەناڵێنن و زیاتر ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانیان هەیە».
بەڕێوەبەرەکە ئاماژەی بەوەش داوە، «ئەم هەڕەشە نوێیە بۆ سەر تەندروستی «سیماکانی ڕوون نین» هێندەی ئەو نەخۆشییە مەترسیدارانەی وەک کۆرۆنا نیشانەی نوێیان هەیە، «بەڵام دەکرێت بە هەمان ڕادەی ئەوان کوشندە بێت».
هەروەها جەختی کردووەتەوە، پێویستە وەبەرهێنان بکرێت بۆ بەهێزکردنی ڕێکخراوە تەندروستییەکان و یارمەتییان بدرێت لە خۆئامادەکردندا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی کەمبوونەوەی خۆراک.
«سندووقی جیهانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئایدز، سیل و مەلاریا» کە بارەگاکەی لە شاری جنێڤ-ی سویسرایە، دەیەوێت ١٨ ملیار دۆلار کۆ بکاتەوە بۆ بەهێزکردنی ڕێکخراوە تەندروستییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە و قەیرانەکانی تەندروستیی گشتی.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە