سەرۆك مەسعود بارزانی، پەیامێكی بۆ یادی 44 ساڵەی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت: "خوشك و برایانی كوردی فەیلی لەناو دەوڵەتی عێراقدا ئازار و مەینەتی و دەربەدەریی زۆریان چەشتووە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4/4/2024، سەرۆك بارزانی، پەیامێكی بۆ یادی 44 ساڵەی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی بڵاو كردەوە و دەڵێت: "خوشك و برایانی كوردی فەیلی لەناو دەوڵەتی عێراقدا ئازار و مەینەتی و دەربەدەریی زۆریان چەشتووە، تەنیا تاوانیان پشتگیریكردنی شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد و كوردبوونەكەیان بووە، دەركردن و لێسەندنەوەی ناسنامە لە سەدان هەزار كەس لە خوشك و برایانی كوردی فەیلی و بێسەروشوێنكردنی هەزاران گەنجی فەیلی لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە، تاوان و زوڵمێكی زۆر گەورە بوو، بەشێك بوو لەو زنجیرە تاوانە ڕێكخستوانەی كە حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقی بۆ تواندنەوە و لەناوبردنی گەلی كوردستان ئەنجامیان داوە."
سەرۆك بارزانی ئاماژە بەوەش دەدات: "پێویستە حكوومەتی فیدراڵیی عێراق بە ئەركی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵ و ناسنامە و قەربووكردنەوە و نەهێشتنی ئاسەواری جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی جێبەجێ بكات."
هەر لە پەیامەكەیدا، سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "لە یادی 44 ساڵەی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلیدا، سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردی فەیلی و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان دەنێرین، ڕۆڵ و دڵسۆزیی خوشك و برایانی فەیلی بۆ دۆزی نەتەوەکەیان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد هیچ كاتێك لەیاد ناكرێت."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە