گەڕانەوەی هەژمونی تاڵیبان شەپۆلێکی بەرفراوانی کۆچی ئەفغانییەکانی لێدەکەوێتەوە

گەڕانەوەی هەژمونی تاڵیبان شەپۆلێکی بەرفراوانی کۆچی ئەفغانییەکانی لێدەکەوێتەوە

پەیامی کورد … گەڕانەوەی هەژمونی تاڵیبان شەپۆلێکی بەرفراوانی کۆچی ئەفغانییەکانی لێدەکەوێتەوە

 

رۆژنامەیەکی تورکی بڵاویکردەوە، لەگەڵ زیادبونی هەژمونی دەسەڵاتی تاڵیبان لەسەر خاکی ئەفغانستان، لە ئێستادا شەپۆلێکی کۆچی بەرفراوانی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە  بەرە و ئێران و پاکستان دەستیپێکردووە و وێستگەی دووەمی ئەو شەپۆلەش تورکیایە.

 

لە هەواڵیکی رۆژنامەی حورییەتی تورکیدا هاتوە، لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان و کۆنتڕۆڵکردنی چەندین ناوچەی ستراتیژی ئەو وڵاتە لەلایەن بزوتنەوەی تاڵیبانەوە، شەپۆلی کۆچکردن لەو وڵاتە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.

 

رۆژنامەکە رونیکردۆتەوە، کۆچبەرە نایاساییەکانی ئەو وڵاتە سەرەتا بەرەو ئێران کۆچ دەکەن و لەوێوە خۆیان دەگەیەننە وڵاتی تورکیا.

 

بەپێی زانیارییەکان کە لە هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە وەرگیراوە، رۆژانە (٥٠٠ بۆ ١٠٠٠) ئەفغانی بە رێگەی نایاسایی لە رێگەی ئێرانەوە دەچنە ناو خاکی تورکیا.

 

زۆربەی کۆچبەرە نایاساییەکانی ئەفغانستان تەمەنیان لە نێوان (١٦ بۆ ٢٥) ساڵیدایە و بەپێی ئامارێکیش دوای سورییەکان زۆرترین کۆچبەری ئەفغانی لە تورکیا هەن کە ژمارەیان زیاترە لە ٥٠٠ هەزار کەس.

 

سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆچ لە تورکیا دەڵێت: لە ئێستادا بەشێکی زۆر لە گەنجان و فەرمانبەرانی وڵاتی ئەفغانستان لە ترسی سزادانیان لەلایەن تاڵیبانەوە بەدوای دۆزینەوەی رێگەیەکن بۆئەوەی وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن، ئەوەش شەپۆلێکی فراوانی کۆچکردنی لە ئەفغانستان لێکەوتووەتەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە