پەیامی کورد ... ڕەزامەندی ژاپۆن بۆ هاوکاری کردنی هەرێمی کوردستان لە بواری ئۆتۆمبێل و براندە جیهانییەکان .
ووڵاتی ژاپۆن ڕەزامەندی پێشان داوە بۆ ئەوەی لە بواری ئۆتۆمبیل و براندە بەناوبانگەکانیدا ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بکات و سەرۆکی ڕێکخراوی کوردی_ژاپۆنییش دەڵێت، حکوومەتی ژاپۆن بەڵێنی پێ داوین ھەر قەرزێک بیدەن بە عێراق بەشی ھەرێمی کوردستانی تێدا گەرەنتی دەکرێت.
فەرەیدوون زامدار، سەرۆکی ڕێکخراوی کوردی_ژاپۆنی ئاشکرای کرد: "وڵاتی ژاپۆن ھەڵوێستی ئەرێنییە بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان و لە ساڵانی ڕابردوودا کاتێک بەغدا قەرزی درێژخایەنی لە ژاپۆن وەرگرت ئامادەنەبوون بەشی ھەرێمی کوردستان بدەن، بەڵام دوای ھەوڵەکانی ئێمە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ژاپۆن ٢٠%ی ئەو قەرزانەی داویەتی بە عێراق، بۆ ھەرێمی کوردستانی خەرج کرد و چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری بەو قەرزە جێبەجێ کراون، لەوانەش پڕۆژەیەکی کارەبا لە قەزای ئامێدی و چەندین پڕۆژەی دیکەش لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان."
سەرۆکی ڕێکخراوی کوردی_ژاپۆنی دەڵێت: " ژاپۆن یەکێکە لەو وڵاتانەی دەیەوێ بنکەی سەرەکیی ھەندێ کۆمپانیا بگوازێتەوە وڵاتانی جیھان، بەڵام بە ھۆی سستی پەیوەندی عێراق و ژاپۆن تا ئێستا نەتوانراوە وەک پێویست سوود لە ئەزموونی دەوڵەمەندی ژاپۆن وەربگیرێت، لەگەل ئەوەشدا ھەرێمی کوردستان توانیویەتی پەیوەندییەکی باشی ھەبێت و چەند لقێکی کۆمپانیای ژاپۆنی لە کوردستان ھەن، بەتایبەتی ئاژانسی جایکا ڕۆڵی زۆری لە خزمەتکردنی ھەرێمی کوردستاندا ھەبووە."
فەرەیدوون زامدار ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێستا لە ھەوڵی ئەوەدان ھەندێ بڕاندی ژاپۆنی لە ھەرێمی کوردستان بکەینەوە، لەوانەش لقی کەلوپەلی یەدەکی ئۆتۆمبیل، کە مەزەندە دەکرێت ٦٠%ی ئۆتۆمبیلی ھەرێمی کوردستان بەرھەمی وڵاتی ژاپۆن بن، ھەروەھا چەند کۆمپانیایەکی خواردنەوە گازییەکان و دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لە ھەرێمی کوردستان دەکرێنەوە، ئەمساڵ ھەنگاوی باش دەنرێن بۆ ئەوەی وەبەرھێنەرانی ژاپۆنی ڕۆڵیان لە کەرتی وەبەرھێنان و بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان ھەبێت."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە