لە ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی پێشەوادا، راپۆتێکی ورد بخوێنەوە

لە ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی پێشەوادا، راپۆتێکی ورد بخوێنەوە

لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە (٣٠)ی ئازاری (١٩٤٧) کە بەڕۆژێکی ڕەش لەمێژووی کورد دادەنرێت، (پێشەوا قازی محەمەد) سەرۆک کۆماری کوردستان لەلایەن حکومەتی پەهلەوی ئێرانەوە لەمەیدانی چوارچرای شاری مهاباد لەسێدارەدرا، لەو بارەوە ماڵپەڕی "پەیاماکورد" بەپێویستی زانی راپۆرتێکی ورد بۆ خوێنەرانی ئامادەبکات.

قازی محه‌مه‌د، کوڕی قازی عه‌لی و کوڕه‌زای میرزا قاسمی قازی، له‌ساڵی (١٢٧٩)ی هه‌تاوی، به‌رانبه‌ر به‌ ساڵی (١٩٠٠)ی زایینی، له‌شاری مه‌هاباد، له‌بنه‌ماڵه‌یه‌کی نیشتمانپه‌روه‌ر و به‌فه‌رهه‌نگ، چاوی به‌ ژیان هه‌ڵێنا‌وە. 
قازی محه‌ممه‌د له‌ ته‌مه‌نی حەوت ساڵیدا ده‌نێردرێته‌ به‌ر خوێندن و پاش خوێندنی زمانی فارسی، له‌گه‌ڵ زانسته‌ جۆراوجۆره‌کانی ئایین، فه‌لسه‌فه‌، وێژه‌ و عه‌ره‌بی، له‌به‌ر ده‌ستی مامۆستایان و زانستڤانانی گه‌وره‌ی شاری مه‌هاباد، ئاشنا ده‌بێت و پله‌کانی گه‌شه‌ و پێشوه‌چوون به‌خێرایی ده‌بڕێت. قازی هێشا لاوێکی تازه‌ پێگه‌یشتوو بوو، شاره‌زایی ته‌واوی له‌ زانسته‌ باوه‌کانی سه‌رده‌می خۆیدا هه‌بوو.

قوتابخانه‌ی گه‌لاوێژ

له‌ سه‌رده‌می لاویدا تامه‌زرۆی خوێندن و فێر بوونی زانسته‌ جۆراوجۆره‌کان بووە، بۆیه‌‌ له‌لای کۆمه‌ڵێک مه‌سیحی که‌ له‌مه‌هاباد به‌مه‌به‌ستی پڕوپاگه‌نده‌ی ئایینی جێگیر ببوون، فێری چەندین زمانێکی بیانی وەک ئینگلیزی و رووسی بوو، وێڕای بانگه‌شه‌ی بیری رزگاریخوازی، نه‌ته‌وه‌په‌رستی و ئازادیخوازی له‌نێوان چین و توێژه‌کاندا، کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی و دادوەری و مرۆیی خۆشی به‌ دڵسۆزییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برد.
پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د له‌ پاش کۆچی دوایی باوکی ده‌بێته‌ قازیی شاری مه‌هاباد و له‌ کاره‌کانیدا زیاتر گرینگیی به‌ کاروباری خوێندن و فێرکردن و هاندانی خه‌ڵک بۆ لای زانست داوه‌ و دواتر له‌ ساڵی (١٩٤١) ده‌بێته‌ به‌رپرسی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و ئه‌وقافی شاری مه‌هاباد و هه‌ر له‌ ماوه‌ی به‌رپرسایه‌تییدا یه‌که‌م قوتابخانه‌ بۆ کچان داده‌مه‌زرێنێت.

قوتابخانه‌یه‌کی سه‌رده‌می کۆمار


پێشه‌وا قازی به‌ ناوی نهێنیی (بینایی) ده‌بێته‌ ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی (ژ. ک) و پاشان هه‌ر به‌ پێشنیاری پێشه‌وا، حزبی (دیموکراتی کوردستانی ئێران) له‌سه‌ر بنه‌ما ته‌شکیلاتییه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌ له‌ رێکه‌وتی (٢٥)ی گه‌لاوێژی (١٣٢٤)ی هه‌تاوی داده‌مه‌زرێت و له‌ یه‌که‌م کۆنگره‌ی حزب، به‌رنامه‌ی پێشنیارکراوی قازی په‌سند دەکرێت و خۆشی‌ وه‌ک رێبه‌ری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هه‌ڵده‌بژێردرێت. 
دوای ماوەی پێنج مانگ و حەوت رۆژ، لەبەرواری دووی رێبه‌ندانی هه‌مان ساڵ، یه‌که‌م کۆماری دموکراتیکی کوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی پێشه‌وای کورد (قازی محه‌ممه‌د) له‌ مه‌یدانی چوارچرای مه‌هاباد به‌هه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستان راگه‌یاندرا و قازی، رێبه‌ری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ده‌بێت به‌ سه‌رکۆماری کۆماری کوردستان.
لە ساڵانی (١٩٤١ تا ١٩٤٥) کە کۆماری کوردستان پێک ھاتووە، بەڕێوبەرایەتی ئەو لە پێشبردنی کاروبارەکاندا و بەتایبەتی لەچارەسەریی کێشە عەشیرەتەکاندا دەورێکی بەرچاوی هەبووەو زۆر لەگرفتەکانی کاری ڕۆژانەی خەڵک لەدیوانی ئەودا کە مەحکەمەیان پێدگوت، چارەسەر بووە.
قازی محەممەد ڕێزی تایبەتی بۆ دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژ.ک) ھەبووە، هەر بۆیە زۆر لە دامەزرێنەرانی (ژ.ک) ڕاوێژیان لەگەڵ کردووەو زۆریان خۆشویستووە.
قازی لە ڕوانگەی نوێنەرانی بیانیشەوە کە ئەوکات ئێرانیان لەنێو خۆیاندا دابەشکردبوو، ڕێزی تایبەتی ھەبووە، ھەر ەس چووەتە مەھاباد تێکۆشاوە بەر لەھەموو کەس چاوی بە ەو بکەوێ، بانگکرانی بۆ سۆڤیەت ھەر لەم پەیوەندیەدا بووە، کە لەگەڵ وەفدێکی گەورە سەردانی باکۆیان کرد.

راگه‌یاندنی کۆماری کوردستان

دوای دامه‌زراندنی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د، سه‌ردانی شاری ته‌ورێزی کردووه‌و له‌ جەژنی پێکهاتنی فیرقه‌ی دیموکراتی ئازه‌ربایجاندا به‌شداریی کردووه‌، دواتر قازی به‌ بانگهێشتێکی فه‌رمی وه‌ک سه‌رۆکی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ جاری دووه‌م، له‌گه‌ڵ دەستەیەکی رێبه‌رایه‌تی حزب بۆ کاری سیاسی سه‌ردانی باکۆ ده‌کات و داوا له‌ لێپرسراوانی یەکێتی سۆڤییه‌ت ده‌کات، پاڵپشتی کۆماری کوردستان و گه‌لی کورد بکه‌ن.

قازی محه‌ممه‌د له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی حزبی دیموکرات و کۆماری کوردستاندا گرنگی زۆری به‌توێژه‌ جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگا داوه‌و لەزۆر بواردا رچەشکێن بووە، بۆ نموونه‌، پێشه‌وا ژن و کچی خۆی له‌مه‌ڕ راکێشانی توێژی ژنان بۆ نێو گۆڕپانی خه‌بات و کاری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی هان داوه‌.


مینای قازی هاوسه‌ری پێشه‌وا

پێشه‌وا دوای ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ست به‌مه‌ترسیی هێرشی رێژیمی ناوه‌ندی بۆ سه‌ر تاران ده‌کات، له‌بەرواری (١٤) سه‌رماوه‌زی (١٣٢٥)ی هه‌تاوی شورای شه‌ڕ به‌ به‌شداریی (١٠) که‌س و به‌ سه‌رۆکایه‌تی خۆی پێک ده‌هێنێت، به‌ڵام به‌هۆی پشتکردنی یەکێتی سۆڤییه‌ت و بێ هیوایی له‌هێزه‌ دێمۆکراتیکه‌کانی ئێران و ئاڵۆزبوونی بارودۆخی نێوخۆیی کۆماری کوردستان، بەڕاوێژ لەگەڵ کۆمەڵێک لەخەڵکی مەهاباد بـڕیاری به‌ربه‌ره‌کانی نه‌کردن درا.

پێشەوا قازی لەماوەی دەسەڵاتداری کۆماری کوردستاند،ا ئەوەی پێویست بوو زۆر بەراشکاوی بەشای ئێران و قەوام (سەرۆک وەزیرانی کاتی ئێران)ی بەئاشکرا پێی راگەیاندوون، ئێوە لەقسەکانی خۆتاندا دوو دڵن و ناتانەوێ مەسەلەی کوردستان چارەسەر بکەن.
کاتێک پێشەوا لەلایەن قوام السلگنەوە بۆ تاران بانگھێشت دەکرێ و لە ساڵی (١٩٤٦) دەچێتە تاران، لەلایەن ژمارەیەک لەوەزیران، نوێنەرانی پارلەمان و نوێنەری کوردەکانی تاران و نوێنەری حزبەکان و یەکێتی کرێکاران لەفڕۆکەخانە پێشوازی لێدەکرێ. 

هێزی پێشمه‌رگه‌ی کۆماری کوردستان

دواجار به‌هاتنی ئه‌رتشی شا بۆ کوردستان له‌بەرواری (٢٦)ی سه‌رماوه‌زی (١٣٢٥)ی هه‌تاوی، کۆتایی به‌ته‌مه‌نی پڕ به‌رهه‌می کۆماری دیموکراتی کوردستان هات و دوای چه‌ند رۆژ پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د و ژمارەیەک لە کاربەدەستانی کۆماری کوردستان ده‌ست به‌سه‌رکران.
له‌ به‌فرانباری (1325)ی هه‌تاوی، دادگایکردنی پێشه‌وا قازی محەمەد و هاوڕێیانی به‌شێوه‌ی نهێنی ده‌ستیپێکرد.
پێشه‌وا قازی له‌دادگا فه‌رمایشییه‌کانی رژێمی شادا به‌وره‌وه‌‌و زۆر ئازایانه‌ به‌رگریی له‌خۆی و کۆماری کوردستان و هه‌روه‌ها مافی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌له‌که‌ی کرد و کاربه‌ده‌ستان نیزامی دادگا هه‌وڵی زۆریاندا که‌ قازی محه‌ممه‌د بێننه‌ سه‌ر ئه‌و بـڕوایه‌ که‌ په‌شیمانی خۆی رابگه‌یه‌نێت، به‌ڵام پێشه‌وا قازی ئازایانه‌ دادگا فه‌رمایشییه‌کان به‌ چۆکداهێنا.


لە بەرواری (٣)ی رێبه‌ندانی (١٣٢٥)ی هه‌تاوی، (پێشەوا قازی، حەمە حوسێن خانی سەیف قازی (ئامۆزای پێشەوا) و ئەبولقاسم سەدر قازی (برای پێشەوا) له‌ به‌ناو دادگاکانی رژێمی شاهه‌نشاهیدا حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندراو سەرلەبەیانی (١٠)ی خاکه‌لێوی (١٣٢٦)ی هه‌تاوی کە دەکاتە ساڵی (١٩٤٧) زاینی، له‌مه‌یدانی چوارچرای مه‌هاباد، ئه‌و شوێنه‌ی که‌ کۆماری تێدا راگه‌یه‌ندرابوو، لە سێدارەدران.

ھەڵسوکەوتی پێشەوا قازی لەکاتی لەسێدارە‌دران کە شایتحاڵەکانی گێڕایانەتەوە وەک چیرۆک و ئەفسانەی لێھاتووە، قازی لەپێشدا داوا دەکات کە تیربارانی بکەن، چونکە لە سێدارە‌دان ئایینی نییە، بەڵام ڕێگەی پێنادەن، پاشان وەسیەتنامەیەک دەنووسێت کە  لە باری کۆمەڵایەتی و سیاسیشەوە جێگەی سەرنجە، قازی ‌ئەو مردنەی بەسەرکەوتن دەزانیێ و ھەر بۆیە بە حەوت ھەنگاو رێگەی بۆلای سێدارەکە پێواو لەپای سێدارە رێگەی نەدا چاوی ببەستن و وتی:

"حەز دەکەم لەئاخرین چرکەی ژیانیشمدا بەسەربەرزی و چاوی کراوەوە لەنیشتمانی خۆشەویستم بڕوانم".

ڕوو لەخوێنمژانی گەلیش کرد و وتی، "ئێوە قازی محەممەدێک دەکوژن، بەڵام بزانن لەھەر تنوکە خوێنێکی من، قازی محەممەدێکی دیکە شین دەبێتەوەو داوا لەگەلی کورد دەکەم خەباتی خۆی لەپێناو رزگاریی کوردستاندا پەک نەخات، باوەڕ بەدەوڵەتی خۆفرۆشی تاران مەکەن، بژی کورد و کوردستان.

تاوانەکانی پێشەوا قازی کە لەسەری خۆی و هاوڕێکانی دادگایکران.. 

- گۆڕین و دەستکاری کردنی نەخشەی وڵاتی ئێران.
- ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و داگیرکردنی بەشێک لەخاکی ئێران بە ناوی کوردستان.
- بازرگانیکردنی نەوت لەگەڵ سۆڤیەت بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندی دەوڵەتی ناوەندی.
- دروستکردنی نەخشەی کوردستانی گەورە‌ بە لکاندنی کوردستانی ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا.
- ھێنانەناوەی بێگانە و بەشێک لەخاکی ئێران خستنەژێر دەستی (مەلا مستەفا بارزانی نەمر).
- دانانی ئاڵای جیاواز بۆ کوردستان بەنیشانی چەکوچ و داس بەشێوەی ئاڵای سۆڤیەت.
- لێدانی سکەی پووڵ بۆ کۆردستان بەوێنەی ڕووپیەی روسی.
هەروەها یەکێک لەو تاوانانەی کە لەدادگادا رووبەڕووی قازی محەمەد کرابووەوە پەنادان بوو بەچەکدارانی بیانی، کە مەبەستیان (مەلا مستەفا بارزانی) و کوردانی باشوری کوردستان بوو، بەڵام بە وتەی ئەو دادوەرەی قازی محەمەدی دادگایی کردووە قازی زۆر ئازایانە وەڵامی تۆمەتەکانی دادگای داوەتەوەو رایگەیاندوە کوردستان ماڵی هەموو کوردێکە و کوردەکان بیانی نین بەڵکو ئەوە ئێرانییەکانن لە کوردستان بیانین.

پێشەوا لەگەڵ مەلا مستەفای بارزانی نەمر


 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە