محەممەد باقری: ئێران تا مانگی ئەیلوول مۆڵەتی چەکداماڵین بە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەدات

محەممەد باقری: ئێران تا مانگی ئەیلوول مۆڵەتی چەکداماڵین بە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەدات

پەیامی کورد... محەممەد باقری: ئێران تا مانگی ئەیلوول مۆڵەتی چەکداماڵین بە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەدات


سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێران، تا مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، مۆڵەتی داماڵینی چەکی بە لایەنە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوە، هەروەها لە ئەگەری پابەند نەبوونی بەغدا بە داواکارییەکەیان، هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دەکات دژی هەرێمی کوردستانی عێراق.

محەممەد باقری، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێران بە کەناڵی فەرمی وڵاتەکەی راگەیاندووە، "ئەگەر عێراق تا مانگی ئەیلوول ئەرکەکانی خۆی سەبارەت بە لایەنە کووردییەکانی دژبەری ئێران جێبەجێ نەکات، ئەوە بە توندی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئەو گرووپانە دووبارە دەکاتەوە.

ئاژانسی مێهر بڵاویکردەوە، باقری لە میانی کۆنفرانسی ساڵانەی فەرماندەکانی هێزی زەمینی لە "سوپای پاسداران" کە لە شاری مەشهەد بەڕێوەچوو گوتی: "جێگەی داخە کە هەندێک وڵاتی دراوسێ سەبارەت بە خۆیان بە شێوەیەکی دروست هەڵسوکەوت ناکەن، سەبارەت بە بەرپرسیارێتیەکانیان بەرامبەر بە سنوورەکان، بەو پێیەی گرووپە جوداخوازەکان باکووری عێراق، دۆخێکی نائەمنی لە عێراقدا دروست دەکەن".

باسی لەوەشکرد: "بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی وڵات، سوپای پاسداران، ئۆپەراسیۆنی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دژ بەو گرووپانە ئەنجامداوە".

ئەوەشی ووتیشی: "دوای ئەوەی حکومەتی عێراق پابەند بوو بە چەکداماڵینی ئەو گرووپانە و رێگریکردن لە کارەکانیان، تا مانگی ئەیلوولی، ئەوا ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان دەوەستێنن".

ئێران لایەنە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن بە هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو ناڕەزایەتیانە دەزانێت، کە لە دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە شاری سەقز لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوودا سەریهەڵدا.

باقری راشیگەیاند، "تا مانگی ئەیلوول ئارام دەگرین، کە حکومەتی عێراق بەڵێنی داوە، هیوادارین بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات، بەڵام ئەگەر ئەمجارە تێپەڕێت و ئەو گروپانە چەکەکانیان بهێڵنەوە، یان ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن، بە دڵنیاییەوە ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی ئەم گرووپانە چڕ دەبێتەوە".

مانگی ئاداری رابردوو، ئێران و عێراق یاداشتێکی ئەمنییان سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد، تارانیش دەڵێت: بەغدا پابەند بووە بە چەکداماڵینی لایەنە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، کە ساڵانێکە لە چیاکانی کوردستان بنکەیان هەیە".

لەو کاتەیدا، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق چووە تاران و یەکەم بەرپرسی بیانی بوو کە لەلایەن هاوتا ئێرانییەکەی عەلی ئەکبەر ئەحمەدیانەوە پێشوازی لێکرا و تیایدا هەردوولا باسیان لە پێشهاتەکانی پرۆتۆکۆڵی ئەمنی کرد کە لەلایەن عەلی شەمخانی ئەمینداری گشتی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی لە بەغدا واژۆ کرا.

ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە ساڵی 2003ەوە مامەڵەی لەگەڵ دۆسیە هەستیارەکانی پەیوەست بە هەندێک وڵاتی دراوسێ، لەنێویاندا دۆسیەی عێراق کردووە، ئەنجوومەنەکە باڵاترین دەزگای ئەمنییە لە وڵاتەکەدا، بڕیارەکانیشی لەلایەن رێبەری ئێران عەلی خامنەیی پشتڕاست دەکرێنەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە