پەیامی کورد ... سێ ھەزار کەس سەر بەم دامەزراوەیە دادەمەزرێن
دوای بڕیاری بەھەمیشەیی کردنی فەرمانبەرانی کۆمیسیۆن، بەرپرسێکی کۆمیسیۆن لە ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، بڕیارە سێ ھەزار گرێبەستی دیکە دابمەزرێن و نیوەیان بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت.
خالید دۆسکی، بەڕێوبەری ئوفیسی دھۆکی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق،ڕایگەیاند: "لەگەڵ بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ٢٧٣ فەرمانبەری گرێبەست لە پارێزگای دھۆک کراون بە ھەمیشەیی و ھەموو فەرمانبەرە گرێبەستەکانی کۆمیسیۆن لە دھۆک مەرجی ھەمیشەیی بوون دەیانگرێتەوە، لەبەر ئەوەی خزمەتیان لە دوو ساڵ زیاترە، ئەمەیش کاریگەری لەسەر کارکردنی ئەو فەرمانبەرانەی کۆمیسیۆن دەبێت و مووچەیان دەبێتە دووبەرانبەر.
بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن دەشڵێت: "سێ ھەزار فەرمانبەری دیکەی گرێبەستی کاتی ھەن لە عێراق ئەوانە تەنیا بۆ کاتی ھەڵبژاردنەکان گرێبەستیان بۆ کراوە و داوای دامەزراندن دەکەن بە شێوەی گرێبەست.''
خالید دۆسکی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بڕیارە سبەی ڕۆژی سێشەممە بڕیار لەبارەی چارەنووسی ئەو سێ ھەزار فەرمانبەرەی کۆمیسیۆن دەربچێت و ئەگەر پەسەند بکرێت ئەوانیش دەبنە گرێبەست و لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستاندایە، لەبەر ئەوەی نیوەی ئەو فەرمانبەرە خەڵکی ھەرێمی کوردستانن و ژمارەی فەرمانبەرانی ئێمە زیاد دەبێت و خەڵکی ئێمە سوودمەند دەبێت.''
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە