وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان هۆشداری مەترسیدار دەدات

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان هۆشداری مەترسیدار دەدات

پەیامی کورد     ...    وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان هۆشداری مەترسیدار دەدات

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، دڵنیایی دەدەن کە مەترسییەکانی ڤایرۆرسی كۆرۆنا زۆرن و بەشێک لە هاووڵاتیان لە مەترسییەکان تێ نەگەیشتوون. هاوكات وه‌زیری ته‌ندرووستیش ده‌ڵێت، نەبوونی نیشانەکان مانای ئەوە نییە کە ئەو کەسە هەڵگری ڤیرووسەکە نییە.

ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند: "مەبەست لە بڕیارەکەی دوێنێ شەو بەهۆی زیادبوونی مەترسییەکان و هەڵسەنگاندن بووە بۆ قۆناغەکە و دڵنیایی دەدەین کە مەترسییەکان زۆرن و بەشێک لە هاووڵاتیان لە مەترسییەکانی ڤیرووسەکە تێ نەگەیشتوون.

لەبارەی ڕاگەیاندنی قەدەخەی تەواوی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و پیادە، ڕێبەر ئەحمەد، گوتی: "ئەو هەموو قەرەباڵخیەی دەبیندرا، لەگەڵ قەدەخەی هاتووچۆ یەکی نەدەگرتەوە، ترسمان هه‌یه‌ کە لە ١٥ی شوباتەوە خەڵک بەریەککەوتنی زۆری هەبووبێت، بۆیە ئێستا دەبێ کار لەسەر ئەوە بکەین کە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤیرووسەکەن، لێتان ناشارینەوە کە گومان دەکەین تووشبووی زیاتر لە کۆمەڵگەدا هەبێت".

وەزیری ناوخۆ گوتیشی: "ئەو بڕیارانە تەنها بۆ ٤٨ کاتژمێرن، ئەگەر هاووڵاتیان هاوکارمان بن، لە دۆخی بەشێک لە هاووڵاتیان تێ دەگەین، بەڵام مەترسییەکە گەورەترە لەوەی ئێوە پێشبینی دەکەن، زەرەرمەندی سەرەکیش لەم دۆخەدا حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بەوەی داهاتی ناوخۆ کەم بووەتەوە و جموجوڵی بازرگانی نەماوە."

ئاماژەی بەوەش دا، بەهۆی بەکارهێنانی پێناسەی جۆراوجۆر، هەندێک کەس خۆیان لە بازگەکان دەرباز کردووە، ئەمەش وای کردووە ڕێگەپێدانێکی زۆر کراوە و لە هەندێک شوێن، جەنجاڵی درووست بووە.

ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د گوتیشی: "هەندێک کەس باس لەوە دەکەن، ڤیرووسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان جیاوازە، لە ڕاستیدا ڤیرووسەکە جیاواز نییە، بەڵکوو حکوومەتی هەرێم زوو ستراتیژیەتی خۆی بۆ ڕێگریکردن لە ڤیرووسەکە خستە ڕوو و ڕێکارەکان زوو دەست پێ کران."

هه‌رله‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرووستی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد: "ڕێکارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی تووشبووان، ئەگەر ئەو ڕێکارانە نەبوونایە دەبوو ئێستا ئەو تووشبووانە چارەسەر بکەین کە لە نەخۆشخانەکانیش جێگەیان نەدەبووەوە."

د. سامان بەرزنجی هۆشداریی دا: "مەترسیی کۆرۆنا جیددییە و داوا لە هاووڵاتیان دەکەین لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە و بەریەککەوتنیان کەم بکەنەوە.''

گوتیشی: "نەبوونی نیشانەکان مانای ئەوە نییە کە ئەو کەسە هەڵگری ڤیرووسەکە نییە."

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە